لیژنە پێکدەهێنین

فەرمانگەى ژینگەى: چارەسەرى بۆنە ناخۆشەکەى شارەزوور دەکەین

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە پێش مانگێک لەمەوبەر، فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى رایگەیاند کە توانیویانە سەرچاوەى بۆنە ناخۆشەکەى شارەزوو بدۆزنەوە و چارەسەرى بکەن، بەڵام ئەمڕۆ جارێکى دیکە دانیشتوانى شارەزوور گردبوونەوە دەڵێن، “بۆنەکە هەرماوە و حاڵمان بە دەستییەوە نەماوە”.

رۆژى 6.12.2024، مستەفا جومعە، وتەبێژى فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى بە 964ـى وت، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى بەڕێوەبەرى فەرمانکەو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدواداچوون بۆ ئەو بۆنە ناخۆشە دەستى پێکرد و کەمێک لەمەوبەر هۆکارەکەى دۆزرایەوە کە کارگەیەکى قیر بووە لە عەربەت و داخراوە”.

لەبارەى دووبارە بڵاوبوونەوەى بۆنەکە و گردبوونەوەى دانیشتوانى شارەزوور، ئەمڕۆ هەینى، 964 پەیوەندى بە مستەفا جومعەوە کردەوە لێى پرسى ئەگەر مانگێک لەمەوبەر سەرچاوەى بۆنەکەتان دۆزییەوە و چارەسەرتان کرد، بۆچى دووبارە سەریهەڵداوەتەوە؟، لە وەڵامدا وتەبێژى فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى وتى،”کارگەیەکى قیر بوو دامانخست، ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشت کە بۆنەکە دووبارە بڵاوبووەتەوە، بۆیە بڕیارمانداوە لەمشەوەوە لیژنەیەک پێکبهێنین”.

“گومانمان بۆ ئەوە دەچێت بۆنەکە هەمان ئەو کارگەیە بێت کە مانگێک لەمەوبەر دامانخست و سودى لە رۆژانى پشوو وەرگرتبێت و کاربکات، بۆیە لیژنە دەنێرین و ئەگەر ئەو کارگەیە دەستى کردبێتەوە بەئیش سزاى دەدەین، ئەگەر ئەویش نەبوو لێکۆڵینەوە دەکەین تا دەیدۆزینەوە”، وتەبێژى فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، ئەمشەو یان بەیانى لیژنەیان دەردەچێت و 100% دەیدۆزنەوە، جا ئەگەر ئەو کارگەیە بێت کە دایانخستووە یان هەر کارگە و پاڵاوگەیەکى تر بێت.

ئەمڕۆ هەینى، بەشێک لە دانیشتوان و چالاکوانان و مامۆستایانى ئاینى ناوچەکە لەبەردەم پارکى نالى قەزاى شارەزوور گردبوونەوە و نیگەرانى و توڕەیى خۆیان، لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەى بۆنە ناخۆشەکە راگەیاند.

سەربەست بوورهان کە سەرپەرشتیارى گردبوونەوەکەیە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە ساڵى پارەوە ئەو بۆنە ناخۆشە بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت لە بەیانیان هەستى پێدەکرێت و هاوشێوەى بۆنى غازى ماڵانە و کاریگەرى لەسەر منداڵان و بەساڵاچوان و ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشى رەبوو و کێشەى هەناسەدانیان هەیە”.

بۆنە ناخۆشەکە تەنگى بە دانیشتوانى شارەزوور پێهەڵچنیوە

بۆنە ناخۆشەکە تەنگى بە دانیشتوانى شارەزوور پێهەڵچنیوە