لە شێوەى غازى ماڵانە
بۆنە ناخۆشەکە تەنگى بە دانیشتوانى شارەزوور پێهەڵچنیوە
بڕوا مەجید_ شارەزوور
بە قسەى خۆیان بێت، ماوەى ساڵێکە بۆنێکى ناخۆش کە هاوشێوەى غازى ماڵانە تەنگى بە دانیشتوانى شارەزوور هەڵچنیوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ چالاکوانان و پیاوماقوڵ و مامۆستایانى ئاینیى ناوچەکەن گردبوونەوە و داواى چارەسەر دەکەن.
بۆنەکە لە خوارووى ناحیەى عەربەتەوە واتا لە گوندەکانى نەسرو باریکە و قەرەگۆلەوە هەستى پێدەکرێت، تا دەگات بە زەڕایان و قەزاى شارەزوور و نزیک سەیدسادق
ئەمڕۆ هەینى، بەشێک لە دانیشتوان و چالاکوانان و مامۆستایانى ئاینى ناوچەکە لەبەردەم پارکى نالى قەزاى شارەزوور گردبوونەوە و نیگەرانى و توڕەیى خۆیان، لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەى بۆنە ناخۆشەکە راگەیاند.
سەربەست بوورهان کە سەرپەرشتیارى گردبوونەوەکەیە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە ساڵى پارەوە ئەو بۆنە ناخۆشە بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت لە بەیانیان هەستى پێدەکرێت و هاوشێوەى بۆنى غازى ماڵانە و کاریگەرى لەسەر منداڵان و بەساڵاچوان و ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشى رەبوو و کێشەى هەناسەدانیان هەیە”.
وەک باسى دەکات، لەژێر فشارەکانیان ساڵى پار بۆنەکە چارەسەرکرا و نەما، بەڵام دووبارە دەستى پێکردووەتەوە و تەواو هەراسانى کردوون.
بەپێى قسەى کەمال کاکە ئەحمەد کە دانیشتوویەکى قەزاى شارەزوورە و بۆ 964 قسەى کردووە، پزیشکانى پسپۆڕ پێیان وتوون لە داهاتوودا مەترسى بۆنەکە کاریگەرى دەبێت لەسەر ژیانى هەموو هاوڵاتیان و هۆکارە بۆ دروستبوونى چەندین نەخۆشى.
داواش دەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنەدەنگ و ئەو بۆنە ناخۆشە کۆتایى پێبهێنن.
لە 6.12.2024، مستەفا جومعە وتەبێژى فەرمانگەى ژینگەى سلێمانى لەسەر ئەو بۆنە ناخۆشە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” دواى بەدواداچوونى مەیدانى و هەولێکى زۆر، توانرا سەرچاوەى بۆنە ناخۆشەکەى قەزاى شارەزوور و ناحیەى زەڕایەن و تانجەڕۆ بدۆزرێتەوەو چارەسەرکرا”، بەڵام ئەوەى ئەمڕۆ دانیشتوانى قەزاکەى هێنایە سەرجادە بۆنە ناخۆشەکەبوو کە تائێستا چارەسەر نەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح