لە کەرکوک نەوتی ٣٠ هەزاری دابەش کرا
میدیازان – کاروان ستار – کەرکوک
لە کەرکوک، دەستکرا بە دابەشکردنی نەوتی سپی و هەر لیترێکی تەنیا ١٥٠ دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی تشرینی یەکەم، لەپارێزگای کەرکوک دابەشکردنی گوژمەی یەکەمی نەوتی سپی دەستی پێکرد.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک ئەوەی بەمیدیازان راگەیاند، ئەم گوژمەیەی دابەش دەکرێت بەسەر هاوڵاتیاندا بڕەکەی ١٠٠ لیترەو بە ١٥ هەزار دینارە.
لە کەرکوک، ٣٤٥ هەزار خێزان لەسەر بنەمای پسوولەی خۆراک نەوت وەردەگرن لە ٥٥ وێستگەی دابەشکردنی نەوت، لەو ژمارەیەدا ٣١ دانەیان ئەهلیەو ئەوانی تر حکومییە.
ساڵانە حکومەتی عێراق ٤٠٠ لیتر نەوت لە سەرەتای وەرزی زستان تا کۆتایی وەرزەکە، بە چوار بەشی ١٠٠ لیتری بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکات، بۆ هەر ١٠٠ لیترێکیش ١٥ هەزار دینار وەردەگرێت.
“ساڵانە حکومەتی عێراق ٤٠٠ لیتر نەوت لە سەرەتای وەرزی زستان تا کۆتایی وەرزەکە، بە چوار بەشی ١٠٠ لیتری بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکات”
ئامینە مەعروف، یەکێکە لەو ژنانەی لە نۆرەی وەرگرتنی نەوت لەبەردەم وێستگەی ئیسكان، قسەی بۆ میدیازان کرد، دەڵێ ئەمساڵ دابەشکردنی دواکەوتووە، پارساڵ لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم نەوتمان وەرگرت.
میدیازان دەزانێت کە بەرمیلێک نەوتی سپی کە ٢٠٠ لیترە، لە عێراق بە ٣٠ هەزار دینار دابەشی سەر هاوڵاتیان دەکرێت، ئەمەش لە کاتیكدایە لە کورستان ئەمساڵ نرخەکەی گەیشتە ١٠٣ هەزار دینار کە ساڵی رابردوو تەنیا ٥٥ هەزار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی دانیشتوانی سەنتەری شارەکان نەوتیان وەرنەگرت.