قایمقامیەتی قەزای رانیە

“هەر پیشەوەرێکی رانیە زیادەڕۆیی بکات سزا دەدرێت”

964+

ژێوار خدر

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە کەوتونەتەوە خۆیان و بۆ جاری دووەم هەڵمەتێکی نەهێشتنی زیادەڕۆییان لەناو بازاڕ و شەقامەکانی قەزاکە دەستپێکردووە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزای دەدەن.

ماوەی دوو رۆژە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و لیژنەکان شەقام بە شەقامی شارەکە بەسەر دەکەنەوە، لە راگەیاندراوێكیشدا کە قایمقامیەتی رانیە لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “بە هاوکاری ئاساێیشی راپەڕین، سەرجەم پیشەوەرانیان ئاگادار کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک نابێت زیادەڕۆیی بکەنە سەر شۆستە و شەقامەکان .”

“ئەم شێوازی بە بازاڕکردنە ناشارستانیە بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان”

دەشڵێت، لە ئەگەری پابەند نەبوونی پیشەوەران، لیژنەکان رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر، جا بە داخستنی شوێن کارەکانیان بێت یان پێبژاردن  یاخود دەستگرتن بەسەر ئەو کاڵاو شمەکانەی لەسەر شۆستە و شەقامەکان دایانناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە خواردنگە گەڕۆکەکان نابێت بە شەوان مێز و کورسی لەسەر شەقامی گشتی دابنێن و ئاستەنگ بۆ ئۆتۆمبێل دروست بکەن.

وە سەرجەم ئەو خاوەن پیشانەی مۆلیدەش لەسەر شەقامەکان بەکاردەهێنێنن، ئەوە پێچەوانەی رێنماییەکانە و پێویستە مۆلیدەکانیان لە شوێنی گونجاو دابنێن و  نەبێتە هۆی بێزاری خەڵک و پاشماوە گازیەکانیش پێویستە فیلتەر بکرێن.

پیشەوەرانی رانیە ئاگادار دەکرێنەوە

پیشەوەرانی رانیە ئاگادار دەکرێنەوە