ئەمریكا و فەڕەنسا هاوكاریی دەگەیەننە توركیا

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

سەرۆكه‌كانی ئەمریكا و فەڕەنسا هاوخەمیی خۆیان بۆ رووداوی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا دەردەبڕی و دەڵێن، هاوكاری دەگەیەنینە لێقەوماوان.

جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئه‌مڕۆ نووسیویەتی: “زۆر دڵگرانم بە بوومەلەرزەكەی سووریا و توركیا، تیمەكانم ئاگه‌داركردوەتەوە لەوەی هاوكاریی بگەیەننە لێقەوماوەكان، ئەمە كارەساتێكی دڵتەزێن و ناخۆشە”.


بوومەلەرزەکە سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ـی شوبات، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان، هه‌روه‌ها بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و باكووری سوریا، باشووری کوردستان و عێراقی گرتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە لوبنان، ئوردن و میسر هەستی پێکراوە.

هەر لەبارەی بوومەلەرزەكەوە، ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نوسیویەتی: “هاوخەمیی كارەساتەكەی توركیا و سووریاین، ئەوەی روویدا  جێگەی نیگەرانییە و فەڕەنسا ئامادەیە هاوكاریی قوربانییەكان بكات”.


بوومەلەرزە دیاردەیەکی سروشتییە و بەهۆی جووڵانی پلێتەکانی ژێر زەوی روودەدات، لەگەڵ روودانیدا، زۆرجار زیان به‌ دانیشتووانی شوێنه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر زیانیش نه‌گه‌یه‌نێت، ئەو کەسانەی هەستی پێده‌كه‌ن تووشی شۆک و ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن.

 به‌ پێی دوایین ئاماره‌كانی بوومه‌له‌ره‌زه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، 1498 كه‌س له‌ توركیا و باكووری كوردستان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، 8533 كه‌سیش برینداربوون، هه‌روه‌ها له‌ رۆژئاوای كوردستان و سووریا 403 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و 1284 كه‌سیش برینداربوونه‌.