لە سلێمانی

بەشێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی هەناسەدانی منداڵان دەکرێتەوە

ژێوار خدر

تەندروستی سلێمانی بەشێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی هەناسەدانی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە دەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025 رایگەیاند، بەشەکە لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کراوەتەوە و لەنەخۆشخانەکە، پزیشكانی پسپۆڕ هەموو ئەو منداڵانە دەبینین كە نەخۆشی هەناسەدانیان هەیە وەك رەبۆ، هەناسەتوندی و كۆكەی درێژخایەن.

دەشڵێت، ئێستا تەنیا رۆژانی چوارشەممە ئەو منداڵانە دەبینرێن، کە نەخۆشی هەناسەدانیان هەیە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لەداهاتوودا بەشەكە فراوانتر بكرێت و زۆرینەی ئەو ئامێرانە دابین بكرێت كە پێویستن بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە.

روونیشێکردووەتەوە، ئەم بەشە دەبێتە یەكەم بەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تایبەت بە نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسەدانی منداڵان و پزیشكی پسپۆڕی تایبەت بە نەخۆشیەكانی هەناسەدانی منداڵان دەوامی تێدابکەن و بڕیاریشە لە داهاتوودا بینینی منداڵ بکرێتە هەموو رۆژێک و هەموو جۆرە چارەسەرێکیش بکرێت لە بەشەکەدا.