بەنداوی دێگەڵە

خەریکە بە تەواوی ئاوی تێدا نامێنێت و هەمووی دەبێت بە قوڕولیتە

+964

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

بەنداوی دێگەڵە لە سنووری قەزای کۆیە، 11 ساڵە دروستکراوە و تا ئێستا خاوێنکردنەوەی بۆ نەکراوە، بەم هۆیەوە ساڵانە قوڕولیتەی باران و رووباری سەر بەنداوەکە دەکەوێتە ناوییەوە، خەریکە بە تەواوی جێگەی ئاوەکە دەگرێتەوە و بەنداوەکە بوونی نامێنێت.

بەنداوەکە كە ساڵی 2010 دەست بە کارەکانی کرا و 2014 تەواو بووە و ئاوی رژاوەتە ناوییەوە، بەنداوێکی گەورەیە و یەک ملیۆن و سەد مەتر سێجا ئاو دەگرێت، بەڵام ئێستا بە هۆی لەکارکەوتنی فلتەری بەنداوەکە و خاوێننەکردنەوەی ساڵانەی بەنداوەکە، بە تەواوی پڕ دەبێت لە قوڕولیتە، ئەو شوێنەی کە ئاویشی تێدا ماوە، ژێرەکەشی رێژەیەکی زۆر لە قوڕولیتەی هەڵگرتووە.

شێروان عەلی، سەرپەرشتیاری بەنداوی دێگەڵە، بە 964ـی وت، چەندجارێک لیژنە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەولێرەوە هاتووە و تەخمینی خاوێنکردنەوەی بەنداوەکەی کردووە، تەندەر دەرچووە بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک وەریبگرێت و کارەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەک تەندەرەکەی وەرنەگرتووە، بۆیە تا ئێستا خاوێنکردنەوە بۆ بەنداوەکە نەکراوە و وەک خۆی ماوەتەوە.

بەنداوی دێگەڵە جگە لە سوودی گەشتیاری و بەخشینی دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە، لە رابردوودا ئاژەڵدارەکان و جوتیارانی خوار ئەم بەنداوە سوودیان لە ئاوەكەی دەبینی، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ماڵەکانی ناحیەی دێگەڵە پاشەڕۆی ماڵەکانیان دەکەوێتە بەنداوەکە، بۆیە ئێستا بە هۆی پیسبوون و کەمی ئاوەکە سوودی لێنابینن.

بەنداوی دێگەڵە دەکەوێتە ناو ناحیەی دێگەڵە، کە سەر بە قەزای کۆیەیە، بە دووری 31 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای کۆیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە رێگاى بەنداوى گۆمەسپانەوە مەیەنە هەولێر

لە رێگاى بەنداوى گۆمەسپانەوە مەیەنە هەولێر