بومەلەرزە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت
+964
فەهمی نەبی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوتی بۆ بەندەری جەیهانی تورکی راگرتووە بەهۆی ئەو بومەلەرزەی ئەمڕۆ تورکیا و سوریای گرتووەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە “بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتی هەناردەکردنی نەوت و خۆپارێزی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوت لە بۆڕی هەرێم -تورکیا راگیراوە”
ئەم بڕیارەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز، لەسەر زاری بەرپرسێکی وزەی تورکیا بڵاویکردەوە کە هێشتا هەناردەکردنی نەوت نەوەستاوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز، تورکیا و سوریا و چەند وڵاتێکی تری گرتەوە، کە بەهۆیەوە، بەپێی دوایين راگەیندراوی بەرپرسانی تورکیا، هەزار و 14 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا و بە هەزارانی تریش بریندار بوون.