هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت
بە داشکاندنی 30% لە کەلار پێشانگایەکی کتێب کرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
پێشانگایەکی کتێب لە کتێبخانەی گشتی کەلار له گه‌رمیان کراوەتەوە و داشکاندنی 30% بۆ کتێبەکانی پێشانگاکە کراوە.
پێشانگاكه ئەمڕۆ یەکشەممە، ده‌ستیپێكردووه، رۆژانە لە کاتژمێر 9:00ـی سه‌رله‌به‌یانى تاوه‌كو کاتژمێر 5:00ـی ئێوارە بەڕووی ھاوڵاتیان كراوه ده‌بێت و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
نەوزاد غەریب، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە 964ـى وت، پێنج دەزگای چاپ بە زیاتر لە ھەزار ناونیشانی جۆراوجۆر بەشدارن و داشکاندنی 30% شیان بۆ کتێبەکانیان کردووە.
وتیشی “پشووی نیوەی ساڵ دەستیپێکردووە، مامۆستایان و خوێندکاران لە ماڵەوەن، ئامانجیان ئەوەیە بۆ ئارامکردنەوەی دەروونیان کتێبی دڵخوازی خۆیان دەستبکەوێت لە پێشانگاکە و بخوێننەوە”.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى له پێشانگاكه‌دا نمایش كراون بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی لەسەرجەم بوارەکانن.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن