"شاخوداخە و دەبێ تەخت بکرێن"
شارەوانی بیارە زەوی تەختی نییە بیداتە فەرمانبەرانی
964+
ئەمەل ناجی – بیارە
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم بڕیاریدا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی دابەش بکات و بڕیارەکە ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت، لە ناحیەی بیارەـی سەربە پارێزگای ھەڵەبجەـش پلان هەیە بۆ یەکەمجار زەوی بدرێت بە فەرمانبەرانی حکومەت، بەڵام بەھۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سەختی ناوچەکەوە، ھیچ زەوییەکی تەختی لێ نییە و دەبێت زەوییەکان تەخت بکرێن و رێگایان بۆ چاک بکرێت.
زانا حەمە شەریف سەرۆکی شارەوانی بیارە بە 964ـی وت، “لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی ھەڵەبجە، ئەو زەوییەمان بۆ دیاریکراوە کە لە قۆناغی یەکەمدا دەدرێتە فەرمانبەران، بەڵام شوێنەکە شاخاوییە و دەبێت تەخت بکرێت و رێگاشی بۆ چاک بکرێت”.
“داوامان کردووە، قۆناغ بە قۆناغ پارەمان بۆ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین زەوییەکان تەخت بکەین و شیاوی ئەوەبێت بدرێتە فەرمانبەران”، زانا حەمە شەریف وای وت.
روونیشیکردەوە، ناوچەکەیان بە تەواوی شاخاوییە، بۆیە لەوانەیە نەتوانن وەک شارەوانیی ناوچەکانی تر بە یەک قۆناغ زەوی دابەش بکەن، وتیشی، “لە قۆناغی یەکەمدا بە لایەنی زۆرەوە دەتوانین 60 زەوی دابین بکەین و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت لە قۆناغەکانی داھاتوودا کاری لەسەر بکەین”.
بەقسەی زانا حەمە شەریف، لە ئێستادا لە سنوری شارەوانی بیارە نزیکەی 100 دۆنم زەوی ھەیە کە بتوانن بیدەنە فەرمانبەران، بەڵام ھەموو زەوییەکان پێویستیان بە تەختکردن ھەیە، بەنیازیشن وەک یەکەم شارەوانی لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، ئەو زەویانەی دابین کراون، دابەشیان بکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری