ئەمڕۆ پیاز و مریشک یەک نرخیان هەیە

964+

سەعید محەمەد – هەولێر

چەند رۆژێکە نرخی پیاز لە هەرێمی کوردستان بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، بە جۆرێک کە یەکسانە بە نرخی گۆشتی مریشک.

نرخی کیلۆیەک پیاز لەنێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دیناردایە، کە هەمان نرخی مریشکە.

رێکان قاسم، یەکێک لە دوکاندارەکانی سەوزە ومیوە لە قەزای خەبات لە هەولێر، بە تۆڕی 964ی راگەیاند “هیچ ساڵێک پیاز هێندە گران نەبووە، گرانبوونیشی پەیوەندی بە دۆلارەوە نییە، بەڵکو بەپێی زانیاری ئێمە، ئێران گرانی کردووە”.

وتیشی، بە گشتی نرخی میوە و سەوزە گران بووە، بەتایبەتی پرتەقاڵ، سێو، هەنار، کولەکە و ترێ، بەشێکیان پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە.

محەمەد موسلم، دوکانی مریشکی هەیە، ئەو بە تۆڕی 964ی راگەیاند، مریشک بۆیە هەرزان بووە بەرهەمهێنانی ناوخۆیە و رێگە نادرێت بچێتە دەرەوە یان بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق ناڕوات، بۆیە هەرزان بووە.

پیاز لە هەموو هەرێمی کوردستان گرانبووە، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە ئێستا وەرزی چاندنی پیاز نییە، بۆیە ناتوانرێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەسترێت.