دیمەنێك لە هەڵمەتەكەی شارەوانی بۆ تێكدانی كێڵگەی ئەو زەوییانەی بە ئاوی پیس سەوزەیان دەكرد
شارەوانیی هەولێر
ئەو كێڵگانەی سەوزەیان بە ئاوی پیس دەچاند بە شۆفڵ تێكدران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تیمەكانی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر و لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوونی پیسبوونی ژینگەی هەولێر، كارەكانی هەموو ئەو زەوییانەیان راگرت، كە بە ئاوی پیس سەوزە دەچێنن و بە شۆفڵ بەناویان كەوتن و تێكیاندان.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، دوابەدوای بڕیارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر، لە لایەن وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێرەوە لیژنەیەكی هاوبەشی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە پێكهات و رۆژی پێنجشەممە 16.1.2025 لەلایەن تیمەکانیان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی هاوبەشی بەدواداچوونی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەولێر، دەستكرا بە هەڵمەتێکی فراوانی لادان و راگرتنی کارەکانی هەموو ئەو زەوییانەی بە نایاسایی و بەبێ مەرج و رێنمایی تەندروستی كارى كشتوکاڵی سەوزەی تێدا دەکرێت، كە بە ئاوی قورس و پاشماوەی ماڵان ئاو دەدرێت و سەرچاوەکەی ئاوی پیسی ماڵانە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان.
“هەڵمەتەکە لە ناوچەی توڕەق دەستیپێکردووە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی شەش کە تێیدا دەستکراوە به لادانى ئامێرەکانی ئاودان و لەناوبردنی گشت ئەو سەوزانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدران، کە كاریگەریان لەسەر ژینگە و تەندروستی هاوڵاتيانى شارى هەولێر هەیە”، شارەوانیی هەولێر وادەڵێت،
هەروەها باسی ئەوەشیان كردووە، تیمەکانی شارەوانی هەولێر لە رێگای چوار شۆفڵ و چوار گەڵابە و یەك کرێن بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.
چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ژینگەی هەولێر هاتەسەر خەت و چەند بڕیارێكی دەركرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە و ئاسمانی هەولێر، دەنگی ناڕەزایی زۆر لە لایەن هاوڵاتییانەوە بەرزبووەوە، بە تایبەتی لە بەردەوامیی كاری پاڵاوگە نایاساییەكان.