ئاڵای هەرێمی کوردستان، نەرویج و کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەیەکی نەوت. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
بۆ نیوەی ساڵی رابردوو
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بڕی داهات و فرۆشی نەوت ئاشکرا دەکات
964+
ژووری هەواڵ
لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2024، ئاستى بەرهەمهێنان و فرۆشى کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 74 هەزار و 163 بەرمیلی رۆژانە و بەراورد بە سێ مانگی مانگی پێشتر کەمیکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.1.2025، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە راپۆرتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی و فرۆشی بۆ نیوەی دووەمی 2024 خستووەتەڕوو و دەڵێت، لە چارەکى چوارەمى ساڵی رابردوودا داهاتى فرۆشى کۆمپانیاکە 27 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، لەو بڕەش 900 هەزار دۆلارى وەک باج داوەتە حکومەتى نەرویج.
لە چارەکى سێیەمى ساڵەکەدا بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە 84 هەزار و 212 بەرمیلى رۆژانە بووە، لە چارەکى کۆتاییدا بۆ 74 هەزار و 163 بەرمیل دابەزیوە، بەڵام لە چارەکى کۆتایى 2023 بەرهەمهێنان زیادیکردووە، چونکە ئەو کاتە رۆژانە 65 هەزار و 773 بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیاکە، لە چارەکى چوارەمى ساڵى 2023، رۆژانە 26 هەزار و 57 بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024 فرۆشی کۆمپانیاکە نزیکەى 10 هەزار بەرمیل نەوت کەمیکردووە.