لە سنووری قەزای ماوەت

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هەوڵی کوشتنی جوتیارێکی دا بەڵام تەنیا ئۆتۆمبێلەکەی پێکرا

 964+

ژێوار خدر

فڕۆکەی بی فڕۆکەوانی تورکیا زیاتر لە جارێک هەوڵی کوشتنی جوتیارێکی کوردی دا، جوتیارەکە بە زیرەکی و پشوودریژی خۆی خۆی رزگار کرد و نەپێکرا بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی تیاچوو.

کامەران عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمەریکى، چیرۆکەکە بەمشێوەیە بۆ 964 گێڕایەوە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە واتە هەفتەی رابردوو، جوتیارێکی گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت بەناوی حسێن ئەحمەد عەبدوڵا  تەمەنی 50 ساڵە، بۆ ترش بڕین چووەتە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵە و لە کاتی سماق بڕیندا گوێی لە دەنگی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە، کە زۆر بە نزمی بەسەر باخەکەیاندا فڕیوە.

دەشڵێت، جوتیارەکە ترساوە و دەستبەجێ سواری ئۆتۆمبێلەکەی بووە بۆ ئەوەی لە شوێنەکە دوور بکەوێتەوە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی دادەگیرسێنێت، دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکتر دەبێتەوە، حوسێن بەخێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و رادەکات، هێشتا تەواو خۆی حەشار نەداوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بۆمبێک ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەکە دەکات و شوێنی دانیشتنی شۆفێر لە ئۆتۆمبێلەکەدا دەپێکێت، دواترجوتیارەکە بە گاگۆڵکێ و خۆ خلۆرکردنەوە، خۆی دەگەیەنێتە شیوێکی پێش گوندەکە و لەوێدا خۆی گرمۆڵە دەکات بۆئەوەی نەکەوێتە بەر لێنزی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و بە ئامانج نەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆکەکە هەر کۆڵی نەداوە و لەو کاتەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەنزیک شوێنی حوسێن بۆردوومانی دووەم دەکات و ئەمجارەش جوتیارەکە بەرناکەوێت.

بەپێی قسەکانی کامەران عوسمان، جوتیارەکە لە شیوەکەدا خۆی شاردووەتەوە تاوەکو دونیا بەتەواوی تاریک داهاتووە نەهاتووەتە دەرەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەش بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەسەر باخەکەدا سوڕاوەتەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنەوەی جوتیارەکەی کردووە تاوەکو بەئامانجی بگرێت.

باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکەکە نەماوە، جوتیارەکە بە راکردن و بێ ئاوڕدانەوە خۆی کردووەتەوە بە گونددا و هەواڵی سەلامەتی خۆی دەوە بە خەڵکی گوندی گەڵاڵە کە پێیان وابوو پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

"بەبێ پرس فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دێت و دەچێ"