بەریتانیاش بەشدارە
ئاسایشی هەرێم: سێ قاچاخچی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە سلێمانی دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە کارێکی هاوبەشدا سێ كەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیركرد.
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 15.1.2025 بڵاویكردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە رۆژانی 8 بۆ 12ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایش/هەولێر و ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانیا، لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای پڕۆسەیەکی فراوانی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە پێکهاتبوون لە سێ ئەندام، كە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، دەستگیرکرد.
سەرچاوەكە دەڵێت، ئەو تۆڕە بە رێگەی نایاسایی کۆچبەریان گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا، ئێستاش تەواوی ئەندامانی تۆڕەکە بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.