رێگە نەدرا بە پاس بڕۆن
یاریزانانى دەربەندیخان وەک ئەوەى رێگەى قاچاخ ببڕن دەچن بۆ چوارقوڕنە
964+
وریا فەتاح
خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان رێگەیان بە یاریزانانى یانەى دەربەندیخان نەدا بە پاسەکەیان گەشتى چوارقوڕنە بکەن، هەر بۆیە بەپێ بەرەو چوارقوڕنە بەڕێکەوتن.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە یارییەکانى گەڕى 14ـى خولى نایابى کوردستان، یانەى دەربەندیخان دەبێتە میوانى یانەى چوارقوڕنە، بەڵام کاتێک پاسى یاریزانانى یانەى دەربەندیخان دەگاتە کانى وەتمان، خۆپیشاندەران رێگەیان پێنادەن بە پاس بڕۆن، هەر بۆیە یاریزانان و دەستەى راهێنەرى یانەکە بەپێ بەربەستەکە دەبڕن و بەرەو چوارقوڕنە بەڕێ دەکەون.
خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان: نەک ئامبوڵانس رێگە نادەین پایسکلیش بڕوات
دیار حوسێن لە راگەیاندنى یانەى دەربەندیخان بە 964ـى وت،”دوێنێ بە دوو پاس بەڕێکەوتین، چونکە ئێمە وەک یانەى دەربەندیخان هەموو یارییەک رۆژێک پێشتر گەشت دەکەین و رۆژى دواتر یارى دەکەین، بەڵام شەوى رابردوو لە دوکان ماینەوە و ئەمڕۆ گەشتى چوارقوڕنەمان کرد، بەڵام لە کانى وەتمان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رێگەمان لێگیرا بە پاس بڕۆین، هەربۆیە زیاتر لە 100 مەتر بەپێ رۆشتینە ئەودیو و لەوێوە سوارى پاسێکى دیکە بووین بەرەو چوارقوڕنە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، خۆپیشاندەران رێزیان گرتوون، بەڵام رێگەیان نەداوە بە پاس بڕۆن، ئەمەش تۆزێک گرفتى بۆ یاریزانەکان دروستکرد و هیلاکى کردن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى هەشت رۆژە، خۆپیشاندەرانى دۆڵى خەلەکان رێگەى چوارقوڕنە بۆ دوکانیان گرتووە، ئەمڕۆش نوێنەرى خۆپیشاندەران بە 964ـى وت،”رێگە بە تێپەڕبوونى پایسکیلیش نادەین”.