لۆگۆی وەزارەتی دارایی عێراق
"هەرێم داهاتی نانەوتی نەناردووە"
وەزارەتی دارایی عێراق: تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانمان ناردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمشەو یەكشەممە 12.1.2025 وەزارەتی دارایی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان پارەی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی كوردستانیان ناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم دابەشی نەكردووە، ئاماژە بەوەش دەكەن، هەرێم پابەندنەبووە بە رادەستكردنی داهاتی ناونەوتی.
دەقی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی دارایی بەم جۆرەیە:
وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوونی خۆی بە بەردەوامی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023 و پەرۆشی بەردەوامی خۆی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو گەلی عێراق لە دابینکردنی دارایی ئەو تەرخانکردنانەی کە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا هاتووە دووپاتدەکاتەوە و پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 224 و بڕیارە یەکگرتووەکەی 269/ فیدراڵی/ 2023دا هاتووە، وەک وەزارەت تەواوکردنی دارایی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەوەی لە خشتەی (ه)دا هاتووە لە چوارچێوەی تەرخانکردنەکان کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکراوە، کە ئەنجومەنی نوێنەران لە نووسراوەکەی ژمارە (6455/9/1) لە 06/04/2024 دەنگی لەسەر دراوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی.
وەزارەتی دارایی پابەند بوو بە ناردنی پارە بۆ حکومەتی هەرێم و بۆ سەرجەم چینەكانی (خانەنشینان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی) سەرەڕای ئەوەی هەرێم داهاتی غەیرە نەوتی رادەست نەكردووە، كە دوای وردبینی دەردەكەوێت بڕەكەی 4 ملیار و 350 ملیۆن دینارە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بڕگەی (3) هاتووە، کە حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە رادەستکردنی داهاتە غەیرە نەوتییەکان.
هەروەها وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای پێشێلکاری لەو تەرخانکردنانەی کە لە خشتەی (ه)دا ئاماژەیان پێکراوە و خەرجکردنی لە داهاتە نانەوتییەکان پێش ئەوەی گواستنەوەکانی ئەنجام بدات، بەپێی ئەو رێکارانەی کە حکومەتی فیدراڵی پەسەندی کردووە، تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی موچەی فەرمانگە مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان بڕی (9,556,348 ملیار) بووە.
هەروەها موچەی تۆڕەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی (130.931 ملیار) و موچەی خانەنشینانی سەربازی (650.040 ملیار)، موچەی خانەنشینانی مەدەنی (776.657 ملیار)، ئەنفالی مەدەنی (98.346 ملیار)، خانەنشینانی سەربازی ئەنفال (338.479 ملیار)، موچەی زیندانیانی سیاسی (10.721 ملیار)
بەپێی ئەو رێکارانەی لە یەکەکانی خەرجکردنی داراییدا پەیڕەو دەکرێن، وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە موچەی هەرێمی بۆ حکومەتی هەرێم ناردووە، کە لە بەرامبەردا دەبێت هەرێم موچە بەسەر فەرمانبەرانیدا دابەش دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە دابەشکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بە شێوەیەكی مانگانە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، هەروەک فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیار نییە لە خەرجنەکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە كاتە دیاریکراوەکاندا، دواکەوتنی خەرجکردنیش لە ئەنجامی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ -تەوتین- خۆجێیکردنی موچەی فەرمانبەرەکانیان.
ئەم راگەیاندراوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە كاتێكدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی 12ی ساڵی 2024یان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەوە تۆمەتبار دەكات، كە پارەی تەواوی بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران نەناردووە