
وێنە-سۆشیاڵ میدیا
سلێمانی.. بێ مۆڵەتی سیستمی غاز مۆڵەتی خانوو دروستکردنت پێ نادرێت
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی، بڕیارەکانی ئەنجومەنی شارەکە بۆ دروستکردنی خانووی نوێ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە و هەر کەسێک بیەوێت سیستمی غاز بۆ خانووە نوێیەکەی دابنێت، رێگەی پێ نادرێت ئەگەر بەرگری شارستانی سلێمانی مۆڵەتی پێ نەدات.
بە مەبەستی
بەرگری شارستانی سلێمانی لەمەولا بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی 2023ـی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەخاتە جێبەجێکردنەوە کە تایبەتە بەو کەسانەی دەیانەوێت سیستمی غازی شل لە ماڵەکەی یان دوکان و شوێنە بازرگانییەکەی دابنێت.
رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ تۆڕی964ی ئەوەی روونکردەوە کە ھەر خانووێک دروست بکرێت و خاوەنەکەی بیەوێت سیستمی غاز لە ماڵەکەیدا دابمەزرێنێت، ئەوا لە شارەوانییەوە مۆڵەتی خانوو دروستکردنی پێ نادرێت تا ئێمە لە بەرگری شارستانی مۆڵەتی پی نەدەین.
“بەرگری شارستانی بە مەرجی جێبەجێکردنی سەرجەم رێنماییەکانی دانانی سیستمی غاز، ئینجا مۆڵەتی پیدەدات، لەسەر بڕیاری ئێمەش شارەوانی مۆڵەتی پێدەدات. وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بڕیاری ژمارە یەکی 2023ـی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەبێت سەرجەم ئەو ماڵانەی سیستمی غازییان لە ماڵەکانیاندا جێگیر کردووە نابێت تانکییەکانیان لە دوو هەزار لیتر زیاتر غازی شلی تیدا بێت، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت سەردانی پۆلیسی بەرگری شارستانی بکەنەوە بۆ دەرهێنانی مۆڵەت و خۆ تۆمار کردن.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند، پێداچونەوە بە مۆڵەتی سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری غازی شل دەکرێت لە رووی نوێکردنەوەی مۆڵەت و ستاف و ئیشەوە.
زیاتر وتی “سەرجەم تانکەری غازەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانییەوە تێست دەکرێت و مۆڵەتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی لەلایەن ھاتوچۆی سلێمانیەوە تۆمار بکرێن”.