“دوو یاریزان و سەرۆکی یانەکە بریندارن”
پاسەکەی یانەی خورماتوو لە رێی گەڕانەوە تووشی کارەسات بوو
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ئەمڕۆ کاتێک تیمەکەی یانەی وەرزشی خورماتوو لە بەغدا دەگەڕانەوە، لە خاڵس تووشی رووداوێکی سەختی هاتوچۆبوون و تۆزێکی مابوو پاسەکەیان وەربگەڕێت، سەرۆکی یەنەکەو دووان لە یاریزانەکان بریندارن.
یانەی وەرزشی خورماتوو لە خولی پلە دووی عێراق لەگەڵ یانەی تیجارە یاری هەبوو، ئەنجامی یارییەکە بۆ ئەوان باش بوو، چونکە لەناو بەغدا یەکسان بوون، بەڵام گەڕانەوەکەیان بەخێر نەشکایەوە لە رێگا تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوون.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست 964 کەوتووە و لە کامێرای چاودێرییەوە تۆمارکراوە، پاسەکەی یانەی خورماتوو لەسەر شەقامەکە راستە رێ دەڕوات، لەپڕ کیایەکی بارهەڵگر دەستی دەشکێنێتەوە سەرو بەیەکدا دەدەن.
موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە964ـی وت “رووداوەکە لەکاتێکدا بووە، کاتی پاسی وەرزشوانان بەناو قەزای خاڵسدا تێپەڕبووە بەئاڕاستەی خورماتوو، کیاکە بە هەڵە دەستی شکاندووەتەوە و تووشی ئەو کارەساتەی کردوون، ژمارەیەک یاریزان و سەرنشین بریندارن”.
“لەرووداوەکەدا سەرۆکی یانەکەو دوو یاریزان بەسەختی برینداربوون و سەرنشین و شۆفێریکی دیکەی کیاکە برینداربوون و زییانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی هەردوولایان کەوتووە، سەرجەم برینداران رەوانەی نەخۆشخانەی خاڵس کران” ئەمەش سەرچاوەکە هەر بەڕێوەبەری هاتوچۆیە.