لە شوێنەوارێکی رۆڤیا

دۆزینەوەی جۆرە گۆزەیەک راگەیەندرا؛ بەبێ ئەوەی وێنەکەی نیشان بدرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

بەپێی دوایین ئەنجامەكانی كاركردن لە هەردوو پرۆژەی شوێنەواری (گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان) لە سنوری ناحیەی رۆڤیای پارێزگای دهۆك، دوو شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و هەروەها جۆرە گۆزەیەك دۆزرایەوە كە تەمەنی بۆ حەوت تا هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.1.2025 ئەو زانیارییانەی لە پێگەی خۆی بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی وێنەی گۆزەکە نیشان بدات، بەڵام دەڵێ گۆزەکە بۆ خاوێنکردنەوەی گەن بەکارهاتووە و  ژماەیەک وێنەی کارکردنی تیمەکانی بڵاوکردووەتەوە.

پرۆژەی هەڵكۆڵین لە شوێنەواری گرێ ئاسنگەران بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی جێبەجێ دەكرێت و بەپێی گرێبەستێك كار لە هەردوو شوێنەواری گرێ ئاسنگەران و كانی ئەسپەهان لە پارێزگای دهۆك دەكەن.

شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، دوای كاركردنیان لە پرۆژەی “كانی ئەسپەهان” جۆرە گۆزەیەك بۆ بەکارهێنان و خاوێنكردنەوەی “گەنم”یان دۆزییەوە كە تەمەنی ئەو گۆزەیە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

وەزارەتەکە دەربارەی، پرۆژەی شوێنەواری “گرێ ئاسنگەران” دەڵێت، دوو ژووری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دۆزرانەوە كە شێوەیان لاكێشەیین و لە كەرپووچ و لەسەربەرزایی گردەكە دروستكراون و بەپێی توێژینەوەكان ئەو ژوورانە هی كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەكە بوونە.

بەپێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی بۆ هەردوو پرۆژەكە كراون، ئەو دۆزینەوانە ئەوە دەسەلمێنن كە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ژیانی مرۆڤ لەو سنوورەدا هەبووە و بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە بۆ كۆمەڵگەی كۆمەڵایەتی و دواتر بەرەو پەرەسەندنی زیاتر و مۆدێرن و بەردەوامبوونی ژیان لە سنوورەكەدا.