
لە قوتابخانەکانی دهۆک تاوەری ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنیش هەن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
بەشێک لە قوتابخانەکانی شاری دهۆک تاوەری ئینتەرنێت و کەناڵە ناوخۆییەکانیان تێدایە، هەرچەندە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا هەیە بۆ لابردنیان، بەڵام تا ئێستا ماون.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، تا ئێستا لە نزیکەی 20 خوێندگای شاری دهۆک ئەو تاوەرانە بوونیان هەیە و بە مەترسی بۆ سەر ژیانی قوتابیان و مامۆستایان دادەندرێن.
سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی 964ی راگەیاند: بڕیاری ساڵی 2017 هەیە بۆ لابردنیان بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
تاوەرەکانی پەیوەندی، بە پێی دوایین لێکۆڵینەوەی وڵاتانی ئەوروپا، کاریگەریی خراپی لەسەر مێشک و دمار و دەروونی مرۆڤ هەیە و ماندوویان دەکات، هەروەها کاریگەریی درێژخایەنی هەیە دروستبوونی وەرەمی دەماغ.
عومەر عەلی تاها، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆک دەڵێت، دەمێکە نووسراویان بۆ قوتابخانەکان ناردووە لەوبارەیەوە، بەڵام بەشێکیان پابەند نەبوون و هەر ماون و تاوەرەکان لانەبراون.