خاوەنەکانیان لە هەولێر داواکارییان هەیە

ئۆتۆمبێلی كارەبایی پستۆنی نییە و بە چوار پستۆن تۆمار دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

خاوەنی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە هەولێر، داوا دەكەن پارەی پستۆن و ژینگەیان لێ وەرنەگیرێت لە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەكانیاندا، چونكە دەڵێن ئۆتۆمبێلەكانیان پستۆنی نییە و دۆستی ژینگەشن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8.1.2025 ژمارەیەك لە خاوەن ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە هەولێر، لە شوێنی دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێلەكانیان كۆبوونەوە و 964یش لەوێ ئامادەبوو.

ئەوان لە رێگەی 964 داواكاریی خۆیان ئاراستەی حكومەتی هەرێم و وەزارتی ناوخۆ دەكەن، كە لە تۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكانیاندا ئاسانكارییان بۆ بكرێت.

سۆران جەلال خاوەنی ئۆتۆمبێلی كارەباییە و بە 964ی وت، ئۆتۆمبێلەكانیان پستۆنی نییە، بەڵام لە تۆماركردندا بە چوار پستۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

هەروەها دەڵێت، “حكومەت و فەرمانگەی ژینگە هیچ هاوكار نین و ئاسانكاری ناكەن لە تۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكانمان، لە كاتێكدا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دۆستی ژینگەن و هەق وایە هانی خەڵك بدرێت لەو ژینگە پیسەی هەولێردا ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەكاربهێنن”.

هەروەها هەژار جەلال، ئەویش ئۆتۆمبێلی كارەبایی هەیە و دەپرسێت، ئۆتۆمبێلەكەی ئەوان دۆستی ژینگەیە، بۆچی دەبێت پارەی ژینگە بدەین، پسپۆنیشیان نییە و نازانین لە تۆماركردندا لەسەر چ بنەمایەك پارەی پستۆن وەردەگیرێت.

بە گوێرەی ئامارێک كە 964 لە خاوەن ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان دەستی كەوتووە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێنج  هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەن، کێشەی ئەوان لەوەدایە لە کاتی تۆماركردن و وەرگرتنی تابلۆی ژمارەدا، وەک ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز دەبێت پارەی ژینگە و پستۆن بدەن، بۆیە داوا دەکەن حکومەت ئەو دوو باجەیان لەسەر لابدات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

جۆ بایدن: ئۆتۆمبێلی كارەبایی بكڕن

جۆ بایدن: ئۆتۆمبێلی كارەبایی بكڕن