چەندەی خراپ بووە و دەستی بەسەرداگیراوە؟
زیاتر لە 89 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزی شۆشمێوە هاوردە کراوە
964+
شۆڕش قادری
زیاتر لە 89 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزی شۆشمێوە ساڵی رابردوو هاوردە کراوە و لەو بڕەش نزیکەی 200 تۆنی خراپ بووە و دەستی بەسەرداگیراوە.
ستار مەحمود بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ساڵی 2024 بڕی 89 ملیۆن و 192 هەزار و 26 کیلۆ کاڵا و بەرهەمی کشتوکاڵی لە مەرزی تەوێڵە – شۆشمێوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، لەو بڕەش 196 هەزار و 630 کیلۆی خراپ بووە و دەستی بەسەرداگیراوە”.
“زۆربەی ئەو کاڵایانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی بوون، هەمووشی گەڕێندراونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران”، ستار مەحمود وای وت.
سەبارەت بە بەرهەمی هەناری هەڵەبجە لە ساڵی رابردوودا، بەڕێوبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە وتی، “بەرهەمی هەناری هەڵەبجە لە ساڵی 2024ـدا 25 بۆ 30 هەزار تۆن بووە”.
وتیشی، “بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەڵەبجە 30 بۆ 35 هەزار تۆنە، بەڵام چەند ساڵێک بوو بەهۆی ئافات و نەخۆشییەوە، کەمی کردبوو، بەرهەمی ساڵی رابردوو دڵخۆشکەر بوو و ئومێد دەکەین بگاتەوە ئاستی خۆی.”
مەرزی شۆشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، یەكەمین ناوچە كە پێیدەگات، شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.