سوپاى عێراق
یەکەم وەزیرى بەرگرى کورد بوو
104 ساڵ بەسەر دامەزراندنى سوپاى عێراقدا تێدەپەڕێت
وریا فەتاح
6ـى کانوونى دووەمى 2025، یادى دامەزراندنى سوپاى عێراقە و 104 ساڵ بەسەر دامەزراندنەکەیدا تێدەپەڕێت، سوپایەک کە یەکەم وەزیرى بەرگرییەکەى کوردە، بەڵام سوپاکە زۆرترین ئازارى بە کورد گەیاند.
سوپای عێراق لە 6ـى كانونی دوەمی ساڵی 1921 و لە سەردەمی پاشایەتی و حکومەتی فەیسەڵی یەكەم، ئەو کاتەى عێراق ئینتیدابی بەریتانیا بوو سوپاکە دامەزرێندرا.
قۆناغەکانى دامەزراندنى سوپاى عێراق:
لەسەرەتادا سوپاى عێراق لە یەک فەوج پێکهێنرا بە ناوى فەوجى ئیمام موساى کازم.
دواتر فیرقەی یەكەمی هێزی پیادە لە دیوانیەو فیرقەی دوەم لە كەركوك پێكهێنرا.
لە ساڵى 1931 هێزى ئاسمانى دامەزرا.
لە ساڵى 1937 هێزى دەریایى دامەزرا.
جەعفەر عەسکەرى، یەکەم وەزیرى بەرگرى سوپاى عێراق بوو کە کوڕى بنەماڵەیەکى کوردى ناوچەى عەسکەرى کەرکوک بوون، هەرچەندە یەکەم وەزیرى سوپاکە کوردە، بەڵام بە گەرانەوە بۆ مێژوو، سوپاى عێراق زۆرترین ئازارى بە کورد گەیاندووە و چەندین کارەساتى رووبەڕووى ئەو میللەتە کردووەتەوە.
دواى ئەوەى لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە لە ساڵى 2003 رژێمى سەدام حوسێن رووخێندرا، پۆڵ بریمەر حاکمى مەدەنى عێراق لە 23ـى ئایارى هەمان ساڵ، سوپاى عێراقى هەڵوەشاندەوە و جارێکى دیکە سوپایەکى نوێى لە 17 فیرقە پێکهێنرایەوە.