لە ماڵەکەیدا چی هەبوو؟

دیمەنی دیوی ناوەوەی شوققەکەی تاڵەبانی لە دیمەشق

964+

ژووری هەواڵ

دوێنێ هەواڵی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی تاڵەبانی لە دیمەشق بووە باس و خواسی گەرمی ناو خەڵک، ئەمڕۆ 964 هەندێ زانیاری وردی لە بارەی شوققەکەوە دەستکەوتووە.

هەواڵەکەی یەکەم بەمشێوەیە بوو: دەستەیەک چەکداری سەر بە تەحریر شام هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی مام جەلال لە دیمەشق، دوای ئەوەی شوققەکەیان پشکنیبوو کلیلەکانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو رۆیشتبوون.

هێشتا روون نییە ئەو هێزە بۆچی ئەو کارەیان کردووە و بەدوای چیدا گەڕاون، هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەیەوە نەدراوە.
ئەو شوققەیە لەناو باڵەخانەیەکدایە لە گەڕەکی مەزرەعە، یەکێکە لە گەڕەکە خۆش و راقییەکانی دیمەشقی پایتەختی سوریا، تاڵەبانی لە ساڵانی هەشتاکانەوە ئەو شوققیەی هەیە و ناوە ناوە بۆ حەوانەوە و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەوێ ماوەتەوە.

لەناو شوققەکەدا کتێبخانە و ئۆفیسێک هەیە کە تاڵەبانی بەکاری هێناوە، لەسەر دیوار و رەفەی کتێبخانەکە چەند وێنەیەک داندراون کە پێدەچێت بەلای تاڵەبانییەوە گرنگ بووبن.

لە شانی مێزی ئۆفیسەکە وێنەیەکی نەجمەدین بیووک کایا (نەجۆ) و تاڵەبانی هەن، نەجۆ هەڵسوڕاوێکی سیاسی باکووری کوردستان بووە و دۆست و هاوخەباتی تاڵەبانی بووە، لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەرکی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی یەکێتی لە باکوری کوردستان لە ئەستۆ گرتووە و سەرچاوە مێژووییەکانی نزیک لە یەکێتی نیشتمانی دەڵێن هەر ئەو ساڵانە بڕێکی زۆر چەکی لە قامیشلۆ گەیاندووەتە دەست ئەو هێزە.

ساڵی 1977 نەجۆ لەگەڵ تاڵەبانی گەڕاوەتەوە سەر سنوور، پێدەچێت مێژووی وێنەکە هەر بۆ ئەو کاتە بگەڕێتەوە.
نەجۆ ساڵی 1982 لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراو دوو ساڵ دواتر لە زیندان گیانی بەخشی.

لە خوار ئەو وێنە هەڵواسراوە، وێنەیەکی دیکەی تاڵەبانی و ژاک شیراکی سەرۆکی ئەو دەمەی فەرەنسا هەیە، مێژووی ئەم وێنەیەیان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2006 ئەو کاتەی تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆماری عێراق چووە فەرەنسا و لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لێکرا.

لە وێنەکەدا تاڵەبانی و شیراک و پاسەوانانی شەرەف دەردەکەون و شیراک دەستی درێژکردووە تا تاڵەبانی بچێتە ناو کۆشکەکە.

لە تەنیشت ئەو دوو وێنەیەوە و دووانی تر هەن، ئەوەی سەرەوەیان زۆر روون نییە، بەڵام ئەوەی دووەمیان تاڵەبانی و خامەنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانن، مێژووی ئەم وێنەیەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2006 کاتێک تاڵەبانی سەردانی خامەنەیی کرد، لەو دانیشتنە مەحمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی ئەو دەمەی ئێرانیش ئامادەبوون.

لە گۆشەیەکی هەندێ دوورتر لەناو رەفەی کتێبخانەکە وێنەیەکی تاڵەبانی هەیە لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی بافڵ و قوباد.

ساڵانێک تاڵەبانی لەم ماڵە ژیاوە

ساڵانێک تاڵەبانی لەم ماڵە ژیاوە

دیمەنی دیوی ناوەوەی شوققەکەی تاڵەبانی لە دیمەشق