لە ئاداری 2023ەوە وەستاوە

ئەمریكییەکان لە بارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تەلەفۆنیان بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە، تەلەفۆنی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لە بارەی چارەسەركردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە قسەیان كردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێم، بڵاویكردەوە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری وزە جێفری پایت دوێنێ هەینی 3.1.2024 تەلەفۆنی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی كردووە و هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، “لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە”.

“هەروەها جەختیان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و رۆڵی گرنگی هەرێم لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە”، راگەیاندراوەكەی میدیا و زانیاری وادەڵێت.

لەوەتەی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە وەستاوە و تا ئێستا چەند هەوڵێكی جۆراوجۆر لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەرێم و بەغدا و توركیا، هەروەها هەوڵی ئەمریكا و كۆمپانیا نەوتییەكانیش هەبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە نەكراوە، كێشەكەش زیاتر لەسەر نرخی بەرهەمهێنانە لە كوردستان، كە حكومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو نرخەی تێچوون بدات، كە كۆمپانیاكان داوای دەكەن و لەگەڵ حكومەتی هەرێم گرێبەستیان لەسەر كردووە.

"دەیانەوێت كێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن"