تا ئێستا 30 سەر مردار بووەتەوە

ئاژەڵدارێک هەر رۆژێک خەبەری دەبێتەوە ژمارەیەک ئاژەڵی مردار دەبێتەوە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لە ناحیەی سرێشمەی قەزای خەلیفان لە ماوەی 15 رۆژدا 30 سەر مەڕی ئاژەڵدارێک مردار بوونەتەوە و هۆکارەکەشی نادیارە.

هەرچەندە بە وتەی ئاژەڵدارەکە، هیچ نەخۆشییەک لە ناو ئاژەڵەکاندا نییە، بەڵام هەر رۆژێ خەبەری دەبێتەوە چەند مەڕێکی مردار بووەنەتەوە و تەنیا دوێنێش شەش مەڕی مردار بووەتەوە.

کەریم خان سلێمان، ئاژەڵدارەکەیە و  قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ”هیچ نەخۆشییەک لە ناو مەڕەکانم بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام هەموو بەیانیان کە دەرگای هۆڵەکەم دەکەمەوە دەبینم چەند مەڕێک مردار بوونەتەوە”.

دەشڵێت، دەمێکە ئاژەڵدارم یەکەم جارە شتی وا ببینم و نازانم هۆکاری مرداربوونەوەی مەڕەکانم چییە.

وەک ئاشکراشى کردووە، تەنیا لەو 15 رۆژەى کۆتاییدا 30 سەر مەڕى لێ مردار بووەتەوە کە ئێستا نرخی هەر جووتێکی مەڕ سەروو ملیۆنێک دینارە.

سەیدەوان عومەر، بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەرى سۆران، بە 964ـی وت، “ئێمە تا ئێستا ئاگاداری ئەو بابەتە نین، پێویستە ئەو ئاژەڵدارە سەردانی بنکەکەمان بکات بۆ ئەوەی دکتۆر پشکنین بۆ ئاژەڵەکانی بکات و هۆکارەکەی دیاری بکرێت”.

وتیشی، “مادام لە ئاژەڵەکانی هیچ نەخۆشییەک بەدی ناکات، رەنگە ئەو مەڕانە شتێکیان خواردبێت کە ژەهراوی بووبن، بەڵام ئەوە تەنیا پێشبینییە و ناتوانین بەبێ پشکنین هۆکارەکەی دیاری بکەین، پێشتریش حاڵەتی لەم شێوەیە هەبووە دوای پشکنین دەرکەوتووە لە جگەر و سیپەلاکی ئاژەڵەکان نەخۆشی هەبووە”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

مەڕدارەکانی دەڤەری برادۆست ئاگادار کراونەتەوە کوێستا...

مەڕدارەکانی دەڤەری برادۆست ئاگادار کراونەتەوە کوێستانەکان جێبهێڵن