پەروێز موشەرەف گیانی لەدەستدا

هێرۆ مەولودی

پەروێز موشەرەف، سەرۆک کۆماری پێشووی پاكستان، لە نەخۆشخانەیەکی شاری دوبەی ئیمارات کۆچی دوایی کرد.

ئاژانسی هەواڵی پاکستان ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ـی شوبات بڵاوكرده‌وه‌، ماوەی چەند مانگێك بوو پەروێز موشەرەف بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی دوبەی خەوێندرابوو، ئەمڕۆ لە تەمەنی 79 ساڵیدا كۆچی دوای كرد.

پەروێز موشەرەف دوازدەمین سەرۆک کۆماری پاکستان بوو، لە ساڵی 2001 تا 2008 له‌و پۆسته‌دا بوو.

موشەرەف پێشتر فەرماندەی ئەرکانی گشتیی سوپای پاکستان بوو، چوارەم ژەنەراڵی پاکستان بوو، كه‌ به‌هۆی کوودەتاوە بۆ ماوەی 9 ساڵ حوکمی پاکستانی گرته‌ده‌ست.

دادگای پاکستان ساڵی 2019 بە تاوانی ناپاكی و سەرپێچیكردن لە یاسای پاکستان، پەروێز موشەرەفی بە له‌سێداره‌دان سزادا، بەڵام دوای ماوەیەک هەر ئەو دادگایە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.

موشەرەف لە ساڵانی 1965 تا 1971 لە شەڕی پاکستان و هیند بەشداریی کردووە.