
غاز لە بازاڕەكانی سلێمانی
"کێشەی کەمی غاز نییە و هاوڵاتیان بێخەم بن"
لە سلێمانی ژمارەیەک غازفرۆش لەبەرەبەری سەری ساڵدا قۆرخکاریان کرد؛ بۆیە سزا دران
964+
شۆرش قادری
لە بەرەبەری سەری ساڵدا ژمارەیەک غازفرۆش لە سلێمانی ویستان قۆرخکاری بکەن و غاز نەدەن بە هاوڵاتیان، بۆیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا و سزا دران، هاوڵاتیانیش بێخەم بن، ئاهەنگی سەری ساڵ بەخۆشی بگێڕن، بێ غاز نابن.
“دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەک سکاڵایان گەیاندە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەسەر پێنەدانی غاز لەلایەن غازفرۆشەکان (وەکلیلەکان)ـەوە، لیژنەکان بەدواداچونیان کرد و دەرکەوت سەرباری هەبونی غاز، وەکیلەکان غازی ماڵانیان بۆ هاوڵاتیان دابین نەکردووە”، گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی وای بە 964 وت.
ئاشکراشیکرد، لەسەر ئەو بابەتە چەند غازفرۆشێکیان سزا داوە و هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەنەوە کە کێشەی کەمی غازی ماڵان لە سلێمانی بونی نییە و لەبابەتە بێخەم بن.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداریشیدا بە غاز فرۆشەکان و وتی، “هەرکاتێک هاوڵاتیان داوای غازی ماڵانیان کرد دەستبەجێ بۆیان دابین بکەن، بەپێچەوانەوە روبەڕووی سزای توند دەکرێنەوە”.
گۆران قادر وتیشی، “لەئێستادا نرخی بوتڵێک غاز لە سلێمانی بە هەشت هەزار و 500 دینارە، بۆیە هەر غازفرۆشێک قۆرخکاری بکات یان نرخ بەرزبکاتەوە، پێویستە هاوڵاتیان ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی روبەڕووی رێکاری یاساییان بکەینەوە”.