"یه‌كێك بوو له‌ ره‌خنه‌گره‌ دیاره‌كان"

دکتۆر کەمال غەمبار له‌ ته‌مه‌نى 87 ساڵى کۆچی دوایی کرد

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دکتۆر کەمال غەمبار، نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرى كورد له‌ ته‌مه‌نى 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و لە گۆرستانی كەكۆنى قه‌زاى كۆیه‌ بەخاك سپێردرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30.12.2024 لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد، ھەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر کەمال غەمباری بڵاوکردەوە و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ یه‌كێك‌ بووه‌ له‌ ره‌خنه‌گره‌ ناسراوه‌كانی کورد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌ ماته‌مینییه‌كه‌ى یه‌كێتى نووسه‌ران، د. كه‌مال دەیان ساڵ لە خوارووی عێراق و پاشان لە قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەیییەکانی هەولێر و پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان، مامۆستا بووە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئاسۆی پەروەردەیی بووە، یەکەم نووسینی لە ساڵی 1950 لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاو کردووەتەوە.

به‌ زمانەکانی عه‌ره‌بی و كوردی دەستی بە نووسین و رەخنەی ئەدەبی کردووە و، یه‌كه‌م نووسینی ره‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ گۆڤاری (الپقافە) لە ساڵی 1973 له‌باره‌ی (عه‌بدوڵا په‌شێو) بڵاو کردووەتەوە و دەیان نووسین و کتێبی چاپکراوی هەیە.

کەمال حسێن ئەحمەد، ناسراو بە (کەمال غەمبار) ساڵی 1937 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، ساڵی 1945 چووەتە بەر خوێندن و ساڵی 1957 خوێندنی دواناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە، ساڵی 1964 بەكالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە كۆلێجی پەروەردەی زانكۆی بەغداد بەدەست هێناوە.