توانا و لێهاتووییەکانی هۆکار بووە

بەختەوەر ریکۆردی تۆمارکرد و بە ماستەرەوە دەگەڕێتەوە کورستان

964+
ئەحمەد مستەفا

لە ماوەی 40 ساڵی رابردووی پڕۆگرامی چێڤینینگ، یەکەم خوێندکاری کوردی خاوەن پێداویستی تایبەت بە نوێنەرایەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە وڵاتی بەریتانیا و لە زانکۆی سوانزی شاری وەیڵز، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کۆمپیوتەری پێشکەوتوو بەدەستهێنا.

ئەو خوێندکارە کوردە تەمەنی 30 ساڵە و خەڵکی هەڵەبجەیە لە باشووری کوردستان، دبلۆم و بەکالۆریۆس لە تەلنەلۆجیای داتابەیس هەیە، بەهۆی هێنانی پلەی یەکەم لە هەمان ئەو کۆلێجەی لێی خوێندووە، وەک مامۆستا وەرگیراوەتەوە، وە ئێستاش بە ئاستی نایاب بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێنا.

توانا و لێهاتووییەکەی، خاوەن پێداویستییەکەی شاردەوە

بەختەوەر بەرزان، لەگەڵ ئەوەی شوناس و ناوی بەختەوەرە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام بیرکردنەوە و تواناکانی هاوشێوەی شاخێکن، بەختەوەر بەرزان لەبارەی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی بە 964ی وت، بەهۆی توانای لە پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر و بەهێزی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و دەستپێشخەرییەکانی، ناوی بۆ پڕۆگرامەکە قبوڵکراوە.

ئەو ماوەی یەک ساڵ بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکە لە وڵاتی بەریتانیا ماوەتەوە و خوێندوویەتی. بەختەوەر لێرە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دایک و باوکی و دوو خوشک و دوو برای دەژی، جگە لە ئەزموونی دەوڵەمەندی لە بواری خوێندن، خاوەن گروپی بەختەوەرییە کە کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هیوا بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و ئاشتکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، هەروەها کۆمەڵگەیەکیان هەیە بەناوی تەکنەلۆژیای خاوەن پێداویستی تایبەت و هاو دامەزرێنەری خاڵ سەنتەرە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و زانستی بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

یەکەم کەسی ناو پڕۆگرامەکەیە

بەختەوەر زیاتر قسەی کرد و وتی، لە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر پێیان وتووە، لە ماوەی 40 ساڵی پڕۆگرامەکەدا، ئەو وەک خاوەن پێداویستی تایبەت یەکەم کەسە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ پڕۆگرامەکە قبوڵکراوە و توانیویەتی بڕوانامەی ماستەر بەدەستبهێنێ.

پرۆگرامی چێڤینینگ، پڕۆگرامێکی ساڵانەی حکومەتی بەریتانیایە و لە زیاتر لە 160 وڵاتی جیهانەوە، نزیکەی هەزار و 500 داواکاری وەردەگرێ بۆ خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەوەش بە گوێرەی ئاستی چالاکی و پلانی کەسەکە بۆ داهاتوو، بە گوێرەی داتای پڕۆگرامەکە لەگەڵ بەختەوەر زیاتر لە 70 هەزار کەس داواکارییان بۆ پڕۆگرامەکە پێشکەشکرد، تەنیا پێنج هەزار کەس بانگهێشتی چاوپێکەوتن کران.

بەختەوەر لەبارەی بەشداریکردنی لە پڕۆگرامە دەڵێت، ویستم وەک تاکێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ هەموو کەسی بسەلمێنم، کە توانامان هەیە، ئەگەر چی لە هەرێمی کوردستان حکومەت و کۆمەڵگە هاوکار نەبووبن، بەڵام توانیومانە بە لێهاتووی خۆمان بیکەین، ئەو ماوەشی لە دەرەوە بووم، ئاستەنگی زۆر هاتە بەردەمم، بەڵام توانیم ئەو ئەزموونە بە سەرکەوتووی تێ بپەڕێنم.

بەهۆی چالاکی و کارەکانییەوە، وە دروستکردنی پەیوەندی فراوانی خۆی، زانکۆی سوانزی بەختەوەر بەرزان، وەک نوێنەری زانکۆکەی بە دەنگدان بۆ نوێنەرایەتی کردنی خوێندکارانی خاوەن پێداویسی تایبەتی زانکۆکە، بۆ ساڵی 2024-2025 هەڵبژاردووە.

ژمارەیەک لە وێنە و چالاکییەکانی بەختەوەر؛