دەستبەرسەرداگرتنی مادەی هۆشبەری لە جۆری کریستاڵ _ وێنە: ئەرشیفی 964 فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر
لە ماوەی سێ ساڵدا
کریستاڵ زۆرترینە؛ 40 هەزار بازرگان و بەکارهێنەر لە عێراق گیراون
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، فادل غەراوی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و باقی دامودەزگا ئەمنییەکان توانیویانە 40 هەزار کەس دەستگیربکەن و رابگرن کە لە ماوەی ساڵانی 2022،2023 و 2024، تێوەگلاون لە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان.
غەراوی لە راپۆرتێکدا کە سەنتەرەکەی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی 230 تۆڕی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024 هەڵبوەشێنێتەوە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کریستاڵ زۆرترین مادەی بەکارهێنراوی عێراقە بە رێژەی 37.3%، لە دوای ئەویش کاپتاگۆن بە ڕێژەی 34.35%، لەکاتێکدا جۆرەکانی دیکە رێژەی 28.35% پێکدەهێنن.
سەرۆکی سەنتەرەکە داوای لە حکومەت کرد، هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پتەوتر بکات، بەرنامەی هۆشیاری و چارەسەر بۆ ئالوودەبووان لە رێگەی کلینیکەکانەوە بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پەرەپێبدات، ئەمە جگە لە بەهێزکردنی توانا ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە بەردەوامەکان لە شێوازەکانی قاچاخ و بازرگانیکردن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرکردنی سزای بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار سزادراوی تاوانەکانی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و خراپ بەکارهێنان و بەرزکردنەوەی پلە لە ساڵی 2023 ڕاگەیاند، کە لەنێوان زیندانی هەتاهەتایی و سزای لەسێدارەدان و سزای دیکەدا دابەشکراوە.
بۆ دەیان ساڵ عێراق وەک رێڕەوێک بۆ پەڕینەوە ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان و ئێرانەوە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو سەیر دەکرا، بەڵام ئەو وڵاتە بووەتە بەکارهێنەرێکی سەرەکی جۆرەها ماددەی هۆشبەر، ئەوەش لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەو پێیەی ململانێکان و بارودۆخی ناسەقامگیری ئەمنی و ئابووری لە وڵاتەکەدا بەرچاون.