گاز بە دینار دەكڕن و كارەبا بە دۆلار دەدەنە هاوڵاتیان

+964

مریەم ئەحمەد – هەولێر

هەڵکشانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی گرفتی بۆ دانیشتووانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی هەولێر دروست کردووە، ئەوان دەڵێن خاوەنی مۆلیدەکان هەموو شتێک بە دینار دەکڕن کەچی کارەباکەیان بە دۆلار پێمان دەفرۆشنەوە، لەمەشدا تێچووی کارەبا لەسەر ئێمە زۆر گران دەوەستێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی964، زۆرێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر کە بە سیستمی کارتی پریپەید کارەبا دەدەن بە هاوبەشانی دانیشتووی پڕۆژەکان، بەهۆی هەڵکشانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، زیانێکی زۆر بە هاوبەشەکان گەیشتووە.

یەکێک لە هاوبەشانی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەڵێ: کاتێک 100 دۆلار بەرامبەر بە 146 هەزار دینار بوو ئەوا 476 یەکەی کارەبای پێ دەکڕدرا، بەڵام ئێستا کە بە 165 هەزار دینار بە سەرەوەیە، ئەوا تەنیا 303 یەکەی پێ دەکڕدرێت، لەمەشدا هەر هاوبەشێک سەرووی 173 یەکەی کارەبا زیانی کردووە.

لەگەڵ ئەوەی هەڵکشانی بەهای دۆلار زیانی لە دانیشتووانی پڕۆژەکان داوە، ئەوا نرخی کیلۆواتی کارەبای مۆلیدەکانیش گران بووە و لە 21 سەنتەوە بووە بە 30 سەنت.

‎هێمن حسین، دانیشتوی یەكێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبون بە تۆڕی964 وت: لەمەدا ئێمە زەرەمەندین، داواشمان کردووە چارەسەری ئەوەمان بۆ بکەن و نرخەکە بکرێت بە دینار.

‎عومەر قادر، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی شاری مامۆستایان بە تۆری964 وت: گرفتەکە لە کڕینی گازوایل دایە، راستە بە دینار دەیکڕین بەڵام لە بازاڕی جیهانیدا ئەویش هاوشێوەی شتەکانی دیکە نرخەکەی وابەستەیە بە دۆلارەوە.

زیاتر وتی “کە بەهای دۆلار گەیشتە 170 هەزار دینار، نرخی بەرمیلێک گازوایلی 220 لیتری بووە 200 هەزار دینار، بەڵام کە بەهای دۆلار زیاتر بەرز بووەوە ئەوا نرخی بەرمیلێک گازوایلیش 20 هەزار دیناری هاتەسەر”.

‎لەبارەی گلەیی دانیشتووانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەسەر گرانبوونی نرخەکەی، عومەر قادر دەڵێ: لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی پارێزگا نرخ دەستنیشان دەکات نەک ئێمە.