بە وێنە.. بەفر رێگەی دهۆک ئامێدی داخست و پەروەردەش پشووی راگەیاند

+964

هیڤی دێوالی

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، رێگەی دهۆک بۆ ئامێدی و دەوروبەری داخراوە، هەر بەم هۆیەوەش پەروەردی ئامێدی پشووی راگەیاند.

هەیوار ستار، دانیشتووێکی گوندی سەرگەلێی قەزای ئامێدی بە تەلەفۆن قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ: لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، بەفر بارین دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە کە رێگەی نێوان ئامێدی و دەوروبەری لەگەڵ دهۆک دابخرێت.

کەمێک پێش ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای ئامێدی لە پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەهۆی بەفربارینەوە پشووی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری قەزایەکە راگەیاند.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، بەفربارینەکە بە درێژایی ئەمشەو بەردەوام دەبێتم، تاوەکو بەیانی یەکشەممە.

هەر بەهۆی ئەو بەفربارینە، رێگەی ناحیەکانی سەرسەنگ و قەدشێ و کۆمەڵگەی باگیرای سەر بە ناحیەی زاوێتە بەرەو دهۆک داخراون.

پەیامنێری تۆڕی964 لە دهۆک رایگەیاند کە ئێستا لە سەنتەری شاری دهۆک بەفر و باران بەیەکەوە دەبارێت.