چەند پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە؟
وەبەرهێنانی دهۆک: وەبەرهێنانی ئەمساڵمان 100% زیادی كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەبەرهێنانی دهۆک ئاشكرای كرد، رێژەی وەبەرهێنان لە پارێزگاکەیان لە ساڵی 2024 بە رێژەی 100% بەراورد بە ساڵی 2023 زیادی كردووە.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رۆژی سێشەممە ئاماری وەبەرهێنانی پارێزگاكەی خستەڕوو، كە تێیدا ئاماژە بەوە دەكات وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە رێژەی 100% بەراورد بە ساڵی رابردوو.
وتیشی، لە 2024 مۆڵەتیان بە 35 پڕۆژە داوە، كە سەرمایەی پڕۆژەكان 240 ملیۆن و 323 هەزار و 292 دۆلار بووە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لە سەردەمی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمدا مۆڵەتیان پێدراوە، گەیشتووەتە 109 پڕۆژە و سەرمایەی كۆی گشتیی پڕۆژەكانیش زیاتر لە 904 ملیۆن دۆلار بووە.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک ژمارەیەكی دیكەش دەخاتەڕوو: ژمارەی سەرجەم پڕۆژەكان لە پارێزگای دهۆک 317 پڕۆژەن و سەرمایەكەشی شەش ملیار و 706 ملیۆن و زیاتر لە 309 هەزار دۆلار بووە.