برایەکی گەنجە رفێندراوەکەی خورماتوو: گومانمان لە رفاندنی هەیە

هونەر فارس – گەرمیان

ئەو گەنجەی لە دوزخورماتوو هەواڵی رفاندنی بڵاوکرایەوە پەیوەندیی بە براکانییەوە کردووە و وتوویەتی لە سلێمانی، بەڵام یەکێک لە براکانی دەڵێت: گومانمان لەو رفاندنە هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، چواری شوباتی 2023، گەنجێک بەناوی بەرهەم عەلی لە دوزخورماتوو بۆ کڕینی ئاسن لە ماڵ چووەتە دەرەوە و لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە نامەیەک بۆ براکەی نێردراوە و داوای 20 دەفتەر دۆلاریان کردووە بۆ گێڕانەوەی گەنجەکە.

حسێن عەلی، برای بەرهەم عەلی بە تۆڕی964ی وتووە کەمێک پێش ئێستا نامەیەکی دەنگی بۆ هاتووە لە تەلەفۆنی براکەیەوە و وتوویەتی لە سلێمانیم، بەڵام لەبەر ئەوەی بە چاوبەستراوی بردراوە نازانێت لە چ شوێنێکە.

سەبارەت بەوەی کە چۆن زانیویەتی بۆ سلێمانی بردراوە، حسێن عەلی وتی “ئێمەش نازانین، رەنگە پێیان وتبێت کە لە سلێمانییە”.

ناوبراو گومانی خۆی لە رووداوەکە نەشاردەوە، “لەدوای ئەو نامە دەنگییەوە گومانمان لە کارەکە هەیە رفاندن نەبێت، چونکە تەلەفۆنیشی پێیە و لێی وەرنەگیراوە”.

تۆڕی964 دەزانێت، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چواردەوری ئەو شوێنەیان گرتووە کە لێیەوە نامەی بۆ براکانی نێردراوە.