"پێنج ئاگر له‌ دیوى ئێرانه‌وه‌ هاتوون"

به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پێنجوێن %73 کەمی کردووە

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پێنجوێن بە رێژەی لە %73 کەمیکردووە و لەم ساڵیشدا 22 جار ئاگرکەوتووەتەوە.

بەختیار عەلی ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ـی راگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 58 هەزار دۆنم زەوی و پوش و پاوان و دارستان لە سنوری پێنجوێن سووتاون، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە بۆ 15 هەزار و 612 دۆنم كه‌مبووەتەوە.

باسی له‌وه‌كرد، هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگر زۆرن و لەناویاندا تەقینەوەی مین و کەمتەرخەمی و بەدەست ئەنقەست هەیە و دوو هۆکاری دەرەکیشی باس کرد کە یەکێکیان بۆردوومانی فڕۆکەی جه‌نگى و ئەوه‌ی دیكه‌ش بەهۆی پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە بووە و بەگوێرەی ئامارەکەی ئەو رێکخراوە پێنج ئاگر کەوتووەتەوە و شەش هەزار و 176 دۆنمی سوتاندووە.

رێکخراوەکە ئاماری سنوری شارباژێڕیشى وەرگرتووە و باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ مەترسی زیاتر لەسەر دارستانەکانی قەزای ماوەت هەیە لە سنوری شارباژێڕ و زۆرترین جار ئاگر لەوێ کەوتووە و بەکۆی گشتی ئەمساڵ لە سنوری شارباژێڕ و پێنجوێن و بەشێکی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 80 هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان و سووتاوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن