چاوەڕێی بڕیاڕی دادگان

دوو منداڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک بەخێو دەکرێن

964+

ژوولی عەدنان

دوو منداڵ لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاریی کەرکوک لەلایەن پەرستارەکانەوە بەخێو دەکرێن، خانەیەکی بێسەرپەرشتانیش داوایان دەکات و چاوەڕێی بڕیاڕی دادوەرن.

هەردوو منداڵەکە کچن و تەمەنی گەورەکەیان سێ ساڵە و ئەویتریان حەوت مانگە، هەر لە نەخۆشخانەکە لەدایکبوون و لەلایەن دایکیانەوە بەجێهێڵدراون.

د. بەڵێن عومەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە کەرکوک، بە 964ی وت، ”راستەوخۆ دوای لەدایکبوونی منداڵەکان، دایکەکان وتوویانە نامانەوێن و ئێوە بەخێویان بکەن، دادگاش بڕیاری دا منداڵەکان لای ئێمە بمێننەوە”.

وتیشی، ”پێشتریش دوو منداڵی دیکەمان لەلابوو، کوڕ و کچێک بوون، ئەوان فڕێدرابوون و دۆزرابوونەوە، ئینجا هێنابوویانن بۆ نەخۆشخانەکە، دایک و باوکیان نەدەزانرا کێن، کەیسی ئەوان ئاسانتر بوو، چونکە دوای شەش مانگ لەلایەن دوو خێزانەوە لەخۆگیران و وەک منداڵی خۆیان بەخێویان دەکەن”.

باسی لەوەش کرد، ئەم دوو منداڵەی ماون تا ئێستا دادوەر بڕیاڕی چوونەدەرەوەیانی لە نەخۆشخانە نەداوە، شەش مانگ جارێک نەخۆشخانەکە کەیسەکەیان ئاراستەی دادوەر دەکاتەوە، بەڵام داوەر دەیخاتەوە ئەستۆی نەخۆشخانەکە.

د. بەڵێن دەڵێت، ”ئێستا خانەیەکی بێسەرپەرشتان دەیەوێت بیانگریتە خۆیان، ئێمەش دووبارە کەیسەکەمان ئاراستەی دادوەر کردووەتەوە، بەڵکو رازی بێت، چونکە ئەوەی تەمەنی سێ ساڵە لەلایەن پەرستارەکانەوە بەخێو دەکرێت و نازانێت ژیانی دەرەوەی نەخۆشخانە چۆنە”.

”ئەم ژینگەیە بە هیچ جۆرێک شیاو نییە بۆ بەخێوکردنی منداڵ، بەڵام ئێمە و پەرستارەکان ئەوەی لە تواناماندا بووە بۆیانمان کردووە”.

10 کەس لەناو مەسعەدەکەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیریا...

10 کەس لەناو مەسعەدەکەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیریان خوارد

ئامێرێکی موغەزی لە نەخۆشخانەیەکی کەرکوک وندەبێت

ئامێرێکی موغەزی لە نەخۆشخانەیەکی کەرکوک وندەبێت