کاروباری مین لە ناویبردن

لە سلێمانی و دهۆک شەش مینی ڤاڵمارا و پێنج گوللـە هاوەن دۆزرانەوە

ژوولی عەدنان

لە سلێمانی و دهۆک ژمارەیەک مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ دۆزراونەتەوە و لە لایەن دەزگای گشتیی کاروباری مین گوازراونەتەوە و لە شوێنێکی ئارام تەقێنراونەتەوە.

ئەو مین و تەقەمەنییانە ئەمڕۆ دووشەممە 23.12.2024 دۆزراونەتەوە و چارەسەرکراون، پێنج مینی جۆری ڤاڵمارای تێدابوو، کە چواریان لە دهۆک لە ناوچەی سەرسەنگ و یەکێکیش لە سلێمانی لە گوندی تەوسەنە دۆزرابوونەوە.

بەپێی راگەیاندراوی دەزگای گشتیی کاروباری مین، چوار گوللـە هاوەن و دوو گوللـە تۆپ و دوو مینی دژەتانک و نارنجۆکێکی دەستی و بۆمبێکی های ئێکسپڵۆسیڤی بوون.

باسیان لەوەش کردووە، لەلایەن هاوڵاتیانەوە پەیوەندییان پێوەکراوە کە لەو ناوچانەدا ئەو مین و تەقەمەنییانە بینراون، کە لە رێگەی ژمارە هێڵی گەرمی 182 پەیوەندییان پێوەکراوە و ئاگادار کراونەتەوە.

وتووشیانە، دەزگای کاروباری مین ئەو پاشماوە جەنگییانەیان کۆکردووەتەوە و بردوویانەتە چەند ناوچەیەکی ئارام و هەموویان تەقاندووەتەوە.

ته‌نیا له‌ سلێمانى، زیاتر لە 206 ملیۆن و 283 هەزار و 584 مەتر دووجا بە مین و تەقەمەنی پیسکراوە و لەو رووبەرەدا 100 ملیۆن و 844 هەزار و 217 مەتر دووجا پاککراوەتەوە،  پێنج هەزار و 225 حاڵەتی گیانلە دەستدانیش بەو هۆیەوە تۆمارکراون.