خۆیان كاندید كرد
عەبدولخالق مەسعود و تاریق عەبدولڕەحمان دەگەڕێنەوە یانەی هەولێر
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ململانێی هەڵبژاردنی یانەی هەولێر چووە قۆناغێكی دیكە و ئیتر ركابەرییەكە توند بەهێز دەبێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەردوو كەسایەتیی وەرزشی عەبدولخالق مەسعود و تاریق عەبدولڕەحمان خۆیان بۆ ئەندامیەتیی دەستەی نوێی یانەی هەولێر كاندید كرد.
پەیامنێری 964 لە بارەگای یانەی هەولێر زانیاریی ئەوەی گەیاند، ئەم ئێوارەیە هەریەكە لە عەبدولخالق مەسعود، سەرۆكی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و جێگری سەرۆكی پێشووی یانەی هەولێر، لەگەڵ تاریق عەبدولڕەحمان، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان و كاپتن و یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی نوێی یانەی هەولێر كاندید كرد و فۆڕمیان پڕكردەوە.
بە هاتنەپێشی ئەو دوو كەسایەتییە وەرزشییە، چاوەڕێ دەكرێت ململانێی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی كارگێڕیی یانەی هەولێر توند و پڕ ركابەریی بێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە هاندەرانی یانەی هەولێر بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی هەڵبژاردنەكە دەكەن، كە بڕیارە 25ی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
یانەی وەرزشیی هەولێر، كە لە 1968 دامەزراوە و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە و دەستكەوتی زۆریشی بەدەستهێناوە، ئێستا لەلایەن دەستەیەكی كاتییەوە بەڕێوەدەبرێت، دوای ئەوەی زۆرینەی دەستەی پێشووی یانەكە دەستیان لەكاركێشایەوە.