جامی كەنداوی 26
ئایا ئەمڕۆ عێراق لە یەمەن دەباتەوە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ ئێوارە هەڵبژاردەی عێراق لە جامی كەنداو لە كوێت، لەگەڵ یەمەن یاریی دەكات، كە لەسەر كاغەز لاوازترین تیپی پاڵەوانیەتییەكەیە، بەڵام تۆپی پێ بچووك و گەورە ناناسێت.
یارییەكە كاتژمێر 5:25 خولەك لە یاریگەی جابر موبارەك دەستپێدەكات و هەڵبژاردەی عێراق بە كۆمەڵێك یاریزانی ناوخۆیی و پیشەگەر، بە سەرپەرشتی راهێنەری ئیسپانی كاساس ركابەریی بردنەوەی جامەكە دەكات.
عێراق، كە چوار نازناوی جامی كەنداوی هەیە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نازناوەكەی بكات، دەبێت بیباتەوە، چونكە ئەمە ئاسانترین یارییە بۆ عێراق لە قۆناغی یەكەمدا.
تیپەكەی كاساس لە هیچی كەم نییە، بۆیە چاوەڕێی بردنەوەی لێ دەكرێت، بە تایبەتی تیپەكە قۆناغێكی باشی ئامادەكاری بڕیوە.
هەڵبژاردەی عێراق براوەی نازناوی رابردووی جامەكەیە لە ساڵی رابردوو، كە لە بەسڕە كرا، پێشتریش لە ساڵانی 1979 و 1984 و 1988 نازناوەكەی بەدەستهێناوە، هەروەها دووجار لە ساڵانی 1976 و 2013 پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
جامی كەنداوی ئەمجارە
پاڵەوانیەتیی ئەمجارە وەشانی 26مینە و لە كوێت دەكرێت، دوێنێ ركابەرییەكان دەستیپێكرد، كە 8 هەڵبژاردە بەشدارن و بەسەر دوو كۆمەڵە دابەشكراون.
كۆمەڵەی یەكەم: كوێت، عومان، ئیمارات و قەتەڕ
كۆمەڵەی دووەم: عێراق، یەمەن، سعودیە و بەحرێن.
یارییەكان تا رۆژی 3.1.2025 بەردەوام دەبێت.
جامی كەنداو پاڵەوانیەتییەكی هەرێمییە و لە لایەن فیفا دانی پێدانەنراوە و لە رۆزنامەی پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەكان هەژمار نەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وڵاتانی كەنداو گرنگە و ركابەریی بەهێزی تێدا دەكرێت، بە تایبەتی ئەمجارە، كە زۆربەی تیپەكان بە “هەڵبژاردەی یەكەم” بەشدارییان كردووە.
پاڵەوانیەتییەكە یەكەمجار لە 1970 دەستیپێكردووە و كوێت زۆرترین نازناوی هەیە، كە 10 جار بووەتە پاڵەوان.