گروپە چەکدارەکانیش لەسەر زەوی هێرش دەکەن
تورکیا بۆردومانی گوندەکانی دەورووبەری کۆبانێ دەکات
964+
شۆڕش قادری
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی گوندەکانی دەورووبەری کۆبانێ دەکەن و تائێستا زیانەکانی نەزانراوە.
بەپێى هەواڵى میدیاکانى نزیک لە هەسەدە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەممە 21.12.2024 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ئاسمانەوە دەستیانکردووە بە بۆردومانکردنی پردی قەرەقۆزاق و گوندی شێخ فەوقان لە رۆژئاوای کۆبانێ.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ ئەو بۆردومانانە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاش لەسەر زەوی هێرشێکی چڕیان بۆ سەر ئەو ناوچانە دەستپێکردووە.
بەپێى هەواڵى ئەو میدیایانە بێت، دوای بانگەوازی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە رایگەیاندبوو، تورکیا بەنیازە هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و عەین عیسا، بەشێکی زۆر لە گەنج و خەڵکی ئەو ناوچانە چەکیان هەڵگرتووە و ئامادەییان بۆ پارێزگاری لە خاکەکەیان دەربڕیوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای رووخانی رژێمی سوریا لە بەرەبەیانی 8.12.2024 هێرشی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان زیادیکردووە و بەقسەی مەزڵوم عەبدیش، فەرماندەی هێزەکانی سوریا دیموکرات، لەگەڵ ئەو رووداوانەش جموجۆڵی چەکدارانی داع*ش لە ناوچەکە دەستیپێکردووەتەوە.