تەرمی گەنجێک لە چیای زاوا دۆزرایەوە

+964

هیڤی دێوالی

تەرمی گەنجێک لە چیای زاوا دەدۆزرێتەوە، پۆلیسیش دەڵێ: پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوەتەوە.

چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا تەرمی گەنجێکی تەمەن 29 ساڵە بە ناوی نەشوان خالید، لەسەر چیای زاوا دۆزرایەوە.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی964ـی راگەیاند: چەند کەسێک پۆلیسیان ئاگادارکردەوە لە بوونی تەرمی گەنجێک لەسەر چیای زاوا، کاتێک پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بینیان تەرمی گەنجەکە لەناو ژوورێکدایە کە ژووری بیرێکی ئاوە لە ناو قەدی چیای زاوا کە محاویلەیەکی کارەبای تێدابووە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە دەست پۆلیس کەوتووە، ئەو گەنجە کارەبا لێیداوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە، وتیشی “تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت”.

بە قسەی وتەیبێژی پۆلیسی دهۆک بێت، پۆلیسی قەزای سێمێل پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردۆتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، نەشوان خالید، شەوی رابردوو لەگەڵ برادەرێکی خۆی چووەتە چیای زاوا بۆ کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاو.

نەشوان خالید، گەنجێکی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە و ماڵی لە گەڕەکی خەستێی دهۆکە، کەسوکاری هەموویان لە دەرەوەی وڵاتن جگە لە خوشکێکی کە دانیشتووی شاری دهۆکە.