دیمەنی یەکێک لە کانیاوەکانی سەیرانگەی گۆڵێ لە پێنجوێن _ وێنە: 964
دەبێ هۆکار چی بێت؟
پێنج ساڵێکە کانیاوە گەرمەکانی گۆڵێ بە کاتی وشک دەکەن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
چەند ساڵێکە هەستی پێ دەکرێ، کانیاوە گەرمەکانی سەیرانگای گۆڵێ کە ژمارەیان چوار دانەیە بە کاتی وشک دەکەن، بەڕێوەبەری ئاوی پێنجوێن بە 964ی وت، ماوەی پێنج ساڵێکە ئەوەیان بەدی کردووە، هۆکارەکەشی کەم بارانیە و تا دەمەوبەهار نابوژێنەوە.
کانیاوەکان لەناو سروشتی گۆڵێ و لە دامێنی بەردەکانەوە هەڵدەقوڵێ، کانزایەکی زۆر لە ناوچەکە هەن، بەراورد بە کەشە ساردەکە، ئاوی ئەو کانیاوانە گەرمە، ئەوە لە کاتێکدا تێکڕای باران لە ساڵێکدا لە ناوچەکە 900 میلیمەترە، بەڵام پارساڵ تا ئێستا 206 ملیمەتر تۆمار کراوە.
بۆ کشتوکاڵ بەکارنەهێنراوە
سالار مەحمود، کە بەڕێوەبەری ئاوی پێنجوێنە دەڵێ، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بوونی بایەکی ساردی بەهێزە، چونکە کانیاوە گەرمەکان دەکەونە سەر شاخێک و شوێنەکەیان بەرزە، بەڵام ئەگەر دۆخی ئاو و باران بارین باش بێت لەو کاتەشدا وشک ناکەن، هەرچەندە پێشمان وتراوە هەندێک کەس لەو ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ ئاوەکە بەکاردەهێنن، بەڵام نەبینراوە ماتۆڕی ئاو بخەنە ناو کانیاوەکەوە لەبەر ئەوە پێناچێت هۆکارەکە بەکارهێنانی بێت بۆ کشتوکاڵ.
سەیرانگەی گۆڵێ، ناوچەیەکی گەشتیاری پێنجوێنە و 40 خولەک لە سەنتەری قەزای پێنجوێنەوە دوورە، رێبوار و گەشتیاران سەردانی ناوچەکە دەکەن، کە ساڵانە لە وەرزی بەهاردا کانیاوە گەرمەکان دەبوژێنەوە و ئاوەکەشیان هەر گەرمە و سیفاتەکەیان لە دەست نەداوە.
کانیاوی سەرشاخەکان وشکیان کردووە
ئاکۆ سەعید، دانیشتووی گوندی گۆڵێ-یە ئەو بە 964ی راگەیاند، لە وەرزی زستان هاوڵاتییەکی زۆر دەهاتنە گوندەکە و سوودیان لەو ئاوە گەرمە دەبینی، بەڵام ئێستا بەهۆی وشک بوونی کانیاوە گەرمەکانەوە سەردانی ناوچەکە ناکرێت، ئەوەی ئێمە بزانین هۆکارەکەی تەنیا سروشتییە و بەهۆی کەم بارانییەوەیە.
ئاکۆ باسی لەوەکرد، چەند کانیاوێکی گەرمی دیکەش هەن، بەڵام ئەوان لە ناو چەمی گۆڵێ دان و لەبەر ئەوە وشکیان نەکردووە، بەڵام ئەو سەرچاوە ئاوە گەرمانەی دەکەونە سەر شاخەکانی گوندی گۆڵێ وشک بوون و ماوەی پێنج ساڵیشە بەو شێوەیەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا