"چونکە واستەمان نییە دانەمەزراوین"

بەشێک لە پاسەوانانی کۆمپانیای نەوتی باکوور 15 ساڵە داوای دامەزراندن دەکەن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

پاسەوانانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک، 15 ساڵ لەمەوبەر خولیان بینیوە و راهێنانیان پێکراوە، بەڵام تا ئێستا بەشێکیان دانەمەزراون، ئەمڕۆ لە بەردەم کۆمپانیاکەیان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.

عەزیز مستەفا یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “ساڵی  2013 ژمارەمان نزیکەی 500 پاسەوان بوو، خولمان بینی، پاشان 200 کەسمان دامەزران، کە واستەیان هەبوو، بەڵام ئێمە تائێستا دانەمەزراوین”.

“خەڵکی پارێزگاکانی موسڵ و سەڵاحەدین دەهێنن و دایاندەمەزرێن، لە کاتێکدا ئێمە ناسنامە و نووسراوی فەرمیشمان پێیە، بەڵام دانامەزرێین”، عەزیز مستەفا وای وت.

هاوکات ئاکۆ عەلی، یەکێکی دیکە لەو پاسەوانانە بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی راهێنان و خولمان بینی، پێیان وتین بڕۆنە ماڵەوە و ئاگادارتان دەکەینەوە، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوین، دوو جاری دیکەش خۆپیشاندانمان کرد هەر سوودی نەبوو”.

لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەک لە کارگێڕیی ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە 964ـی وت، دامەزراندنیان یان رەتکردنەوەیان بەدەست ئەوان نییە و وەزارەت خۆی بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدات.

وتیشی، “راستە پێویستیمان بە پۆلیسە بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین پشتگیریان بکەین و بە وەزارەت بڵێین، پێویستمان پێیانە”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

ژمارەیەک لە پاسەوانە دانەمەزراوەکانی نەوت ئومێدیان لە...

ژمارەیەک لە پاسەوانە دانەمەزراوەکانی نەوت ئومێدیان لە دەست نەداوە