بازرگانی مادەی هۆشبەربوون

عێراق دەست لە سێدارە هەڵناگرێ؛ 82 تاوانبار ملیان کراوە بە پەتا

964+
ئەحمەد مستەفا

ماوەیەکە عێراق ناوی لەناو ناوانە بۆ زۆربوونی ژمارەی لە سێدارە دانەکان، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق دەڵێ، لە ماوەی ساڵی 2024 بڕیاری لە سێدارە بەسەر 82 بازرگانی مادەی هۆشبەری سەپێندراوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئافاد، HRW و روانگەکان هۆشداری هەڵکشانی زۆربوونی بڕیاری لە سێدارەدانەکان دەدەن لە عێراق.

ئەوە لە کاتێکدا، ئەمڕۆ سێشەممە 17.12.2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق رایگەیاند، چوار ئۆپراسیۆنی گەورەی رێگریکردنیان لە مێژووی عێراقدا جێبەجێکردووە، کە ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەری کردووەتە ئامانج.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئۆپراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری لە ماوەی ئەمساڵدا لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ئامانجی ستراتیژیدا ئەنجامدراوە، کە سەرکەوتووانە لە ئەنجامدا توانراوە 116 بازرگانی ماددەی هۆشبەری نێودەوڵەتی دەستگیربکرێن.

لەو پڕۆسانەدا، دەستبەسەر سێ تۆن و 150 کیلۆگرام لە ماددە هۆشبەرە جیاوازەکان گیراوە، هەروەک 82 تاوانباری بازرگانی نێودەوڵەتی بە مادە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی، “دەسەڵاتدارانی عێراق یەکێک لە گەورەترین لەسێدارەدانەکانیان لە وڵاتەکەدا ئەنجامداوە لە ساڵی 2003-ەوە هاوشێوەی نەبووە، بەو پێیەی لانیکەم 50 دەستگیرکراویان لە ماوەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە سێدارە داوە و تەرمەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە”.

روانگەکە بەدواداچوونی کردووە و دەرکەوتووە، ئیدارەی زیندانی ناسریە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، چوار لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی ئەنجامداوە، گەورەترینیان لە 24ی مانگدا بووە، کە سزای لە سێدارە لەگەڵ 21 دەستگیرکراو لە بەیانییەکی زوودا جێبەجێ کراوە.

"ئەیلوولی ئەمساڵ عێراق گەورەترین ژمارەی لە سێدارەدانی ئەنجامداوە"