بە کۆمەڵیشی تێدا بووە

“ئەیلوولی ئەمساڵ عێراق گەورەترین ژمارەی لە سێدارەدانی ئەنجامداوە”


ئەحمەد مستەفا

دەسەڵاتدارانی عێراق لە ماوەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لانیکەم 50 لە سێدارەدانیان ئەنجامداوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین ئەو لەسێدارەدانانە دادەنرێت کە لە ساڵی 2003ەوە لە وڵاتەکەدا و لە مانگێکدا ئەنجامدرابێ، ئەمە قسەی روانگەی “ئافاد”ە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق.

روانگەکە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە بەرپرسیار دەزانێ لە خێراکردنی و زۆربوونی ژمارەی لەسێدارەدان لە وڵاتەکە بە هۆکاری سیاسی.

روانگە لە بەیاننامەیەکدا، کە 964 بینیوویەتی دەڵێت، “دەسەڵاتدارانی عێراق یەکێک لە گەورەترین لەسێدارەدانەکانیان لە وڵاتەکەدا ئەنجامداوە لە ساڵی 2003-ەوە هاوشێوەی نەبووە، بەو پێیەی لانیکەم 50 دەستگیرکراویان لە ماوەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە سێدارە داوە و  تەرمەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە”.

روانگەکە بەدواداچوونی کردووە و دەرکەوتووە، ئیدارەی زیندانی ناسریە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، چوار لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی ئەنجامداوە، گەورەترینیان لە 24ی مانگدا بووە، کە سزای لە سێدارە لەگەڵ 21 دەستگیرکراو لە بەیانییەکی زوودا جێبەجێ کراوە.

بە قسەی ئافاد، ئیدارەی زیندانەکە بە “بیجامە و بەبێ ئەوەی رێگەیان پێبدات نوێژ بکەن یان وەسیەتنامە و نامە بۆ بنەماڵەکانیان بنووسن”، لە ناکاو بۆ یەکەیەکی تایبەت گواستراونەتەوە و  لەسەر سەکۆی لە سێدارە پڕۆسەکە جێبەجێ کراوە، بەجۆرێک هەرجارێک شەش دەستبەسەرکراو هەڵواسراون بۆ لە سێدارەدان.

روانگەکە سەرۆک کۆماری عێراقی، بەوە تۆمەتبار کرد کە واژۆی لەسێدارەدانی ئەو دەستبەسەرکراوانەی کردووە “بە پشتبەستن بە راسپاردە و فشاری سیاسی لایەنە تایفییەکانی ناوخۆی عێراق، کە بەشێکیان کوتلەی چەکدارین، سەرەڕای بوونی بەڵگە و داواکاری پێشکەشکراو لەبارەی ئەشکەنجەدان و دەرهێنانی زانیاری لە ژێر ناچاریدا لە دەستبەسەرکراوەکان”.