لە زیندانی حوت چی دەگوزەرێ؟
“سزای لە سێدارە بەبێ ئاگاداری کەسوکاریان لە عێراق جێبەجێ دەکرێ”
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسێکی وەزارەتی داد نهێنی ئەوە دەدرکێنێ، “کە لە زیندانی حوت لە باشووری عێراق بە وەجبەی هەشت کەسی لە سێدارەدان بە نهێنی ئەنجامدەدرێ”، رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش داتای ئەو سەرپێچیەی کردووە، “کە زیندانی هەبووە نەخۆشی گورچیلە و هەناسەتوندی هەبووە لە سێدارە دراوە”.
دۆسیەی زیندانیانی عێراقی بەتایبەت ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، بە یەکێک لەو پرسە دیارانە دادەنرێت کە مشتومڕێکی بەرفراوانی سیاسی و جەماوەری لەلای میدیا و رێکخراوەکانی داکۆکی دروستدەکات، بەو پێیەی زۆربەی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە “زانیاریدەری نهێنی و دانپێدانان لەژێر زۆرەملێ و ئەشکەنجە” دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.7.2024، چاپی لەندەنی رۆژنامەی العربی الجدید، بەدواداچوونێکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوەدەکات، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیان کەسیان بە هەڵواسین لەسێدارە داوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەر و بە تۆمەتی تیرۆر و سەر بە رێکخراوی داعش سزا دراون”.
بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دادی عێراق، “زۆربەی سزای لەسێدارەدانەکان لە زیندانی حوت لە شاری ناسریە لە باشووری عێراق بە سەرپەرشتی وەزارەتی داد، بە وەجبە و هەر وەجبەیەک کە هەشت سزادراو لە خۆدەگرێت پێکەوە دەبرێنە ناو هۆڵی سێدارە و سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ”.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دادی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ العربی الجدید روونی کردووەتەوە، “دواین میکانیزمی لەسێدارەدان لە رێگەی رێنماییەکانی حکومەتەوە بووە کە بۆ رای گشتی رانەگەیەندرێن، بۆ ئەوەی رەخنەی سیاسی و یاسایی لە حکومەت نەگیرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو دەقە یاساییانە ناگونجێت کە ئەوان دیاری دەکەن و بنەماڵەی سزادراوەکە پێش لەسێدارەدان ئاگادارناکرێنەوە”.
فەرمانبەرێکی دیکە لە بەشی جێبەجێکردنی وەزارەتی دادی عێراق، لە چاوپێکەوتنەکەدا بەشداری کردووە و دەڵێت، “وەزارەت دەزگایەکی جێبەجێکردنە، و کاغەزەکان دەگەنە دەستیان بە واژۆی نوسینگەی سەرۆک کۆماری کۆمار، عەبدول لەتیف رەشید، کە واژۆکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پێ سپێردراوە”.
لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد دەستبەجێ سەرجەم سزای لە سێدارەدانەکان رابگرن، دوای لەسێدارەدانی لانیکەم 13 پیاو، لە 22ی نیسانی رابردوو بە تۆمەتی تیرۆر، ئەوەش بە یەکەم سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لەدوای تشرینی دووەمی 2020ەوە تۆمارکراوە” ناوزەند کرد.
ئەندامێکی روانگەی “ئافاد” بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەحمەد عەبد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەکە وتوویەتی، “چەند رۆژێک لەمەوبەر وەجبەیەکی نوێی سزای لە سێدارەدانەکان هەڵگیراون، بەبێ ئەوەی رابگەیەندرێن”، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران حەز دەکەن، “هەر جارێک ئەوانەی لە شارە جیاوازەکانەوە لەسێدارە دەدرێن، هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی ژمارە زۆری ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت دەرنەکەوێت”.
ئەندامەکەی ئافاد باسیلەوەشکردووە، “زۆرن سەرپێچییە گەورەکان لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دیارترینیان لەسێدارەدانی ئەو کەسانەیە کە نەخۆشن و بەدەست نەخۆشییەکانی گورچیلە و هەناسە و پێستەوە دەناڵێنن و ئەوانی دیکەش تەمەنیان لە سەرووی 75 ساڵەوەیە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان ئەو سزایە جێبەجێ دەکرێ و تەرمەکەی لە بەشی پزیشکی دادوەری لە ناسریە بە کەسوکاری دەدرێتەوە”.
بەندیخانەی حوت دەکەوێتە شاری ناسریە، لە چوارچێوەی پارێزگاری ذی قار لە باشووری عێراق و نزیکەی 40 هەزار دەستگیرکراوی تێدایە، گەورەترین زیندانی عێراقە دوای داخستنی زیندانی ئەبوغرێب، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە زیندانی “بەدناو” ناوی دەبەن، بەهۆی ئەو پێشێلکاری و مردنە زۆرانەی کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان، لێدان، بەدخۆراکی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تێیدا روودەدەن.