شەش کەسن
شانەیەکی نوستووی داع*ش لە کەرکوک دەستگیر کران
964+
شۆڕش قادری
پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق شانەیەکی نوستووی داع*شیان لە کەرکوک دەستگیر کرد کە لە شەش کەس پێکهاتوون.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، “لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپە تی*رۆریستییەکان، هێزێک لە لیوای 12ـی فیرقەی سێیەمی پۆلیسی فیدڕاڵی شەش کەسیان لە گوندی عەریشەـی سەربە ناحیەی عەباسی کەرکوک دەستگیر کردووە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ئەو شەش کەسە ئەندامی شانەیەکی نوستووی داع*شن لە ناوچەکە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لەگەڵ دەستگیر کردنی ئەو تۆمەتبارانە، چەند موشەکێک و هەندێک ماددەی تەقەمەنی دەستی بەسەرداگیراوە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناوبەناو ئۆپەراسیۆن بۆسەر شانە نوستووەکانی داع*ش لە دەورووبەری کەرکوک ئەنجام دەدەن و مانگی رابردووش دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق پوچەڵکردنەوەی “پیلانێکی تی*رۆریستی مەترسیدار”ـی لە پارێزگای کەرکوک راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە چەند کەسێکی ئەو گروپەیان دەستگیر کردووە و لەنێو دەستگیر کراوەکاندا “ئەمیری کوردستان”ـی داع*ش هەیە.