لە زاخۆ

چوار سەنتەری نەشتەرگەریی جوانکاری داخران و خاوەنەکانیان دەدرێنە دادگا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

چوار سەنتەری نەشتەرگەریی جوانکاری لە زاخۆ داخران، سەرۆکی لیژنەکانی چاودێری بازاڕیش ئاشكرای کرد، خاوەنەکانیان دەدرێنە دادگا.

ئەمرۆ یەکشەممە 15.12.2024 لیژنەی قایمقامیەتی زاخۆ دوای بەدواداچوونێک چوار سەنتەری نەشتەرگەریی جوانکاری داخست، کە مۆڵەتیان نەبوو، خاوەنەکانیشیان دەدرێنە دادگا.

جگە لە نەبوونی مۆڵەتی کارکردن، یەکێک لەو سەنتەرانە فیلەری ماوەبەسەرچووی بەکارهێناوە، کە مێژووی ئێکسپایەربوونەکەی ساڵی 2019 بوو، لەناو سەنتەرەکەشدا هەبووە و لیژنەکە دەستیبەسەردا گیراوە.

وەڵات هەجەر، سەرۆکی لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بە 964 وت، “خاوەنی هەر چوار سەنتەرەکە دەدرێنە دادگا و لێخۆشبوون بۆ ئەوا نییە، ئەم بابەتە بە تەندروستی هاوڵاتیانەوە بەستراوەتەوە و نابێت هیچ کەسێک بە هیچ بیانوویەک کارێکی نایاسایی بکات، سزای توندیش وەردەگرن و نابێت شوێنەکانیان بکەنەوە تا مۆڵەت دەردەهێنن”.

لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ بەردەوام چاودێریی بازار دەکەن بۆ ئەوەی رێگە بەهیچ کەسێک نەدرێت سەرپێچی بکات، وەڵات هەجەر وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دوو کەس لەسەر دانانی سەنتەری جوانکاری ساختە و هەڕەشەکر...

دوو کەس لەسەر دانانی سەنتەری جوانکاری ساختە و هەڕەشەکردن دەستگیر کران